٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی مافی مرۆڤ: نابێت دوو رۆژنامەنووس بكوژرێن و گومان لەسەر كوژرانیان ھەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ كەیسی رۆژنامەنووس ئامانج بابانی دەكات و بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی دەستەكەش ئاشكرای كرد، ھێشتا بە تەواوەتی روون نییە ھۆكاری رووداوەكە چییە.

تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری یاسایی لە دەستەی مافی مرۆڤ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رووداوی گیانلەدەستدانی رۆژنامەنووس ئامانج بابانی و ھاوسەر و منداڵەكەی، كاریگەریی خراپی دەروونیی كردووەتە سەر ھاووڵاتیان، چونكە ھێشتا بە دروستی ھۆكاری كوژرانی ئەو دوو میدیاكارە و منداڵەكەیان دیار نییە و، تەمومژاویی رووداوەكەش نیگەرانیی لای خەڵكی كوردستان دروست كردووە، لەبەر ئەوەی خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت و گومان لەسەر كوژرانیان ھەیە".

ئەو بەرپرسەی دەستەی مافی مرۆڤ دەشڵێت: "ئێمە وەك دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی بە وردی چاودێریی دۆسیەی ئامانج بابانی دەكەین و چاوەڕێی بڕیاری لایەنی یاسایی و پزیشكی دادین بۆ یەكلاكردنەوەی".

تاڤگە عومەر روونیشی كردەوە: "دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، نووسینگەی سلێمانیی دەستەكەی راسپاردووە بەدواداچوون و چاودێریی كەیسی كوژرانی رۆژنامەنووس ئامانج بابانی و ھاوسەر و منداڵەكەی بكات، لەبەر ئەوەی نابێت بەو شێوەیە بە ناڕوونی بمێنێتەوە و دوو رۆژنامەنووس بكوژرێن و گومان لەسەر كوژرانیان ھەبێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار