٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"شوێن بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوا لە ھەولێر دابین کراوە"

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- لە سنووری پارێزگای ھەولێر وەک قۆناغی یەکەم شوێن بۆ حەواندنەوەی ژمارەیەک ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان ئامادە کراوە و بەرپرسێکی دیوانی پارێزگای ھەولێریش دەڵێ، ئەگەر ئاوارەیەکی زۆر ڕوو لە ھەولێر بکات، کەمپی نوێ دەکرێتەوە.

 

ڤیان ڕەشید، بەرپرسی سەنتەری قەیرانەکانی دیوانی پارێزگای ھەولێر، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران، پارێزگای ھەولێر کەوتە خۆئامادەکردن بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ھەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەوەی لە کاتی ھاتنی ھەر ئاوارەیەکدا ھاوکاری بکرێت."

 

بەرپرسی سەنتەری قەیرانەکان لە پارێزگای ھەولێر گوتی: "تا ئێستا ھیچ ئاوارەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان نەگەیشتووەتە سنووری پارێزگای ھەولێر و ھەموویان لە دھۆک نیشتەجێ کراون، بەڵام وەک سەرەتایەک شوێنی حەواندنەوەی ٣٠٠ خێزان ئامادە کراوە و ھەرکاتێک ئاوارە بگەنە ھەولێر تێیدا جێگیر دەکرێن."

 

لەبارەی دروستکردنی کەمپی نوێوە، ڤیان ڕەشید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بۆ دروستکردنی کەمپ کێشەی نەبوونی زەویمان ھەیە، بەڵام ئەگەر بێت و ڕێژەیەکی زۆر ئاوارە بگاتە ھەولێر ئەوە بێگومان لەگەڵ ڕێکخراوە ھاوکارەکان دەست بە دروستکردنی کەمپی نوێ دەکرێت."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار