پەرلەمان: لەم هەفتەیەدا پەسەند دەكرێت.. نرخی خانووە زێدەڕۆكان كەم كراوهتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، ئەمڕۆ راپۆرتی كۆتایی لەبارەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكانەوە ئامادە دەكەن و لەم هەفتەیەشدا پەرلەمان دەیخاتە بەرنامەی كارەوە بۆ پەسەندكردن.
شوان زرار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ هەردوو لیژنەی شارەوانی و یاسایی راپۆرتی كۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان تەواو دەكەن و دەیدەنە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی بیخەنە بەرنامەی كارەوە و پەسەند بكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، ئەم هەفتەیە پڕۆژەیاساكە دەخرێتە بەرنامەی كارەوە و پەسەند دەكرێت.
ناوبراو دەشڵێً: "گۆڕانكاری لە نرخی تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان كراوە و سەرقاڵین لەراپۆرتی كۆتاییدا جێگیری بكەین، هەروەها نرخەكانیش كەم كراونەتەوە و تا جێگیر نەكرێت باسی ناكەین".
ئەگەر پڕۆژەیاساكە پەسەند بكرێت، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 200هەزار خانوو تاپۆ دەكرێن.
بڵند ئیبراهیم




