بڕیارە لایەنە كوردییەكان لە چوارچێوەی فڕاكسیۆنی كوردستانیدا كۆببنەوە

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ھەموو لایەنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی یەك فڕاكسیۆنی كوردستانیدا كۆببنەوە، پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێ، ھەموو ھەوڵەكانیان بۆ ئەوەیە كورد لە دەرەوەی ھەرێمی كوردستانیش یەكگرتوو بێت.
بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكاندا، جەخت لە پێكھێنانی فڕاكسیۆنێكی كوردستانی لە بەغدا كراوەتەوە و ھەموو لایەنەكانیش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ پێكھێنانی فڕاكسیۆنەكە.
دانا جەزا، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەك پارتی ھەر لە سەرەتاوە لەگەڵ پێكھێنانی فڕاكسیۆنی كوردستانیدا بووینە لە بەغدا و ھەمیشە بۆچوونی ئێمە لەسەر یەكدەنگیی كورد بووە لە دەرەوەی ھەرێمی كوردستان، چونكە دەركەوت تەحەدیاتی زۆر لەسەر كورد ھەن و پێویستە لە بەغدا یەكگرتوو بین".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت: "بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا دەستەی فڕاكسیۆنی پارتی كۆببێـتەوە و ئەو پێشنیازە بۆ سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی پارتیمان بەرز بكرێتەوە، چونكە قۆناغەكە وا دەخوازێت كورد نێو ماڵی خۆی رێك بخاتەوە".
دانا جەزا، نایشارێتەوە كە لایەنەكانی دیكەش ناكۆك نابن لەسەر پێكھێنانی فڕاكسیۆنی كوردستانی و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لەبەر ئەوەی لە بەرژەوەندیی گشتیدایە و لایەنە كوردییەكان دیكەش باوەڕ ناكەین بۆچوونی جیاوازیان ھەبێت لەسەر پێشنیازەكە، چونكە لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەنە كوردییەكانە لە چوارچێوەی یەك فڕاكسیۆندا كۆببینەوە".
قائید میرۆ




