حاكم ئازاد: كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لەبارەی میدیاوە بەڕێوە دەچێت

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا لە شاری ھەولێر كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لەبارەی رەوشی میدیا لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش دەڵێ، دوو پڕۆژەیاسا لەبارەی میدیاوە ئامادە دەكرێن.
حاكم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە لە مانگی كانوونی یەكەمی داھاتوودا كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لەبارەی رەوشی میدیا لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و لە ئێستاوە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەكە دەكرێت، كە تایبەتە بە رەوشی میدیا لە ھەرێمی كوردستان".
نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەشڵێت: "خەڵكانی پسپۆڕ و ئەكادیمی لە ناوخۆ دەرەوە بەشداری لە كۆنگرەكەدا دەكەن و دەمانەوێ لە رێگەی ئەو كۆنگرەیەوە لەبارەی رەوشی میدیا و راگەیاندن بە گشتی لە ھەرێمی كوردستان بوەستین و چەندین پڕۆژەش ئامادە كراون".
حاكم ئازاد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "دوو پڕۆژەیاسا بۆ رێكخستنی كاری میدیا ئامادە دەكرێن، كە یەكەمیان پەیوەستە بە دامەزراندنی دەزگایەكی نیشتیمانی بۆ میدیا و ئەوی دیكەشیان بۆ رێكخستنی میدیای بینراو و بیستراوە، دواتر ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێن بۆ پەسەندكردنیان".
قائید میرۆ




