كەركووكی: ئەوەی بەعس پێی نەكرا پارێزگاری سەپێندراو بە دوو ساڵ ئەنجامی دا

كەركووك-KDP.info- دوو ساڵ بەسەر رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركووكدا تێدەپەڕێت، سەركردەیەكى توركمانیش دەڵێ، بە لێشاو عەرەبی شۆڤێنی لە باشووری عێراقەوە ھاوردەی كەركووك دەكرێن و ئەوەی رژێمی بەعس پێی نەكرا لە تەعریبكردن، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك تەواوی دەكات.
عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەو رۆژەوەی كەركووك داگیر كراوە، بە پیلانێكی داڕێژراو تەعریب دەستی پێكردووە و تا ئێستایش ھەر بەردەوامە و رۆژ نییە خەڵك لە دەرەوەی كەركووكەوە ھاوردەی نێو كەركووك نەكرێت، ئینجا لە ھەموو ناوچە و پارێزگاكانی عێراق بە لێشاو عەرەبی شۆڤێنی ھاوردەی كەركووك دەكرێن".
ئەو سەركردەیەی توركمان گوتیشی: "ھەر عەرەبێكی ھاوردە لە كەركووك نیشتەجێ بێت، لە ڕووی یاساییەوە ھاوكاری دەكرێت بۆ گواستنەوەی فۆڕمی خۆراك و پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون، ئەوەی ٣٥ ساڵ رژێمی بەعس لە عەرەباندن نەیكرد، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بە دوو ساڵ ئەنجامی دا".
پەیوەست بە دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركووك، عیرفان كەركووكی جەختی كردەوە: "دانانی پارێزگاری بەوەكالەتیش بەشێكە لە تەعریب و پێویستە ئەو پارێزگارە لەسەر كار دەربكرێت و پارێزگارێك لەلایەن لیستی برایەتییەوە پێشنیاز بكرێت بۆ كەركووك، ھەرچەندە دانوستان ھەیە لەو بارەیەوە، بەڵام دیارە ھەتا ئێستا نەگەیشتووتە ئەنجام، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە پەلە بكرێت بۆ دانانی پارێزگاری نوێی كەركووك و كۆتایی بەو رەوشەی ئێستای كەركووك بهێندرێت".
قائید میرۆ




