٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەندیكای ئابووریناسان: بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت موژدەی باشبوونی دۆخی ئابوورییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پیشەسازییە لاوەكییەكان دەخاتەوە كار، كە چەندین ساڵە لە كار وەستاون، بڕیارەكەش بەشێكە لە كارنامەی حكوومەتی هەرێم كە پێشتر مەسروور بارزانی ئاماژەی پێ دابوو، كە بووژانەوەی ئابووریی هەرێم لە كارە لەپێشینەكانیەتی.

شەماڵ نووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بە دابینكردنی 500 ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، كاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕی هەرێمی كوردستان دەبێت و متمانەیەكی زۆریش بۆ وەبەرهێنەران و بەڵێندەران دروست دەكات.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی باڵای سەندیكای ئابووریناسان ئاماژەی بەوەش دا، بڕیارەكە دەبێتە هۆی دابینكردنی سەدان هەلی كار بۆ گەنجان و لاوان لە سنووری هەرێمی كوردستان بە گشتی، هەروەها بنیاتنانی زیاتری ژێرخانی ئابووریی كوردستانە لە كەرتە جیاوازەكانی وەك كارەبا و ئاو رێگاوبان، كە سوودی گەورەی بۆ نەوەكانی داهاتووشمان دەبێت لە ڕووی ستراتیژییەوە.

شەماڵ نووری باسی لەوەش كرد، ئەم بڕەپارەیە دەبێتە هۆی ئەوەی كە كارگە بچووكەكان دەست بە بەرهەهێنانی ماددە خاوەكانیان بكەنەوە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی پرۆژەكان وەك كەرستەكانی بیناسازی و پێداویستیی ئەو پرۆژانەی كە حكوومەت رایگەیاندوون، بۆیە بڕیارەكە دەبێتە هۆی بووژانەوەی بازاڕ و زنجیرە جووڵانەوەیەكی سەرجەم پیشەسازییە بچووكەكان.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، باشییەكی دیكەی بڕیارەكە ئەوەیە، كە خەڵك لەوە رزگاری دەبێت كە ئایا پارە دێت یان نایەت یاخود دۆخەكە چۆن دەبێت، چونكە ئەمە بۆ خۆی موژدەی باشبوونی دۆخەكەیە، بۆیە متمانە بە وەبەرهێنەرانی بیانیش دەدات لە هەرێمی كوردستان.

 

هێدی كاكەیی

هەواڵی پەیوەندیدار