كۆنسووڵی ڕۆمانیا و هۆشیار سیوەیلی كۆبوونەوە

هەولێر-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز هۆریا میهەیل، كۆنسووڵی ڕۆمانیا لە هەرێمی كوردستان كرد.
سەرەتای دیدارەكە، سیوەیلی بە ناوی سەركردایەتیی پارتییەوە پیرۆزبایی لە بەڕێزیان كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێیدا بۆ خواست.
كۆنسووڵی ڕۆمانیا، باسی لە كار و بەرنامەی وڵاتەكەی كرد لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕایگەیاند، كە ئەوان هەوڵی زیاتر بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان دەدەن و خوازیارن لە داهاتوویەكی نزیكدا بتوانن ئاستی پەیوەندییەكان بەرز بكەنەوە لە هەموو بوارەكاندا.
بەڕێز سیوەیلی باسی لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و بە تایبەتی لەو بەرەوپێشەوەچوونانەی كە ئومێد دەكرێت ئەنجامێكی دڵخۆشكەری هەبێت.
دەربارەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی جەختی كردەوە، كە حكوومەتی هەرێم داوای جێبەجێكردنی دەستوور دەكات و گفتوگۆ و دانوستانەكانیش هەر لەو چوارچێوەیەدا دەبن، كە ماف و داخوازییەكانی گەلی كوردستانی تێدا پارێزراو بن. ئەو هەروەها نیگەرانیی سەركردایەتیی پارتی بە كۆنسووڵی ناوبراو گەیاند دەربارەی دۆخی ئەو ناوچانە، كە ژیان و ماڵی هاووڵاتیان لە مەترسیدایە لەبەر نەبوونی سەقامگیری و ئەمنییەت و خزمەتگوزاریی پێویست، بۆیە داواكار بوو بە زووترین كات ڕێككەوتن ئەنجام بدرێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە تاكو جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق.
لە درێژەی ئەو دیدارەدا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بە وردی باسی لە بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووی حكوومەتی هەرێم كرد، كە چاكسازی و دابینكردنی خزمەتگوزارییە و هەروەها خزمەتی دانیشتووانی هەرێمیش كاری لەپێشینەیەتی و لەم چوارچێوەیەشدا دەرفەتی باش بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی ڕەخسێندراوە و هیوادارین وەبەرهێنەرانی ڕۆمانیا ڕۆڵ بگێڕن.
بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان، بریتی بوو لە ڕووداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و هێرشی توركیا بۆ سەر باكووری سووریا، لەو بارەیەوە، هۆشیار سیوەیلی دووپاتی هەڵوێستی جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی كردەوە كە داواكارن شەڕ و ماڵوێرانی ڕابگیرێت و گفتوگۆ دەست پێبكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، گوتیشی كە هێرشی سەربازی گرفتەكان قوڵتر و ئاڵۆزتر دەكات و خەڵكی بێتاوانیش دەبێتە قوربانی و هیوادارین كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەركی مرۆڤانەی خۆیان هەستن و كۆتایی بە شەڕ و وێرانكاری بێنن. كاریگەریی هێرشی سەربازیی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان بوو.
بەڕێز هۆریا میهەیل، كۆنسووڵی ڕۆمانیا، سوپاسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی كرد، كە هاوكارێكی باشی كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەی بووە لە هەرێمی كوردستان و هیوای خواست كە ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە بەردەوام بیت.
میهەیل خۆشحاڵیی وڵاتەكەشی دەربڕی لە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆكانی نیوان حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی فیدراڵ، هیواشی خواست كە هەردوولا بگەنە ڕێككەوتن لەسەر بنەمای دەستوور و ماف و ئەركی هاووڵاتیانی تێدا پارێزراو بێت. بەڕێزیان وەكو ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپا ناڕەزایی خۆیان گەیاندووە لە هەمبەر گرژی و ئاڵۆزییەكانی باكووری سووریا و ئەمە لێكەوتەی خراپتری بەدواوەیە، بۆیە گرنگە واز لە بەكارهێنانی هێز بهێندرێت و گفتوگۆ ببێتە جێگرەوەی هێرشكردن.
كۆنسووڵی ڕۆمانیا ڕاشیگەیاند، كە ئەوان بەرنامەیان هەیە هانی زیاتری خەڵكی خۆیان بدەن كە بێنە هەرێم و بەشدار بن لەو دەرفەتانەی كە بۆ وەبەرهێنەران هەن و، دووپاتی هەماهەنگی و بەردەوامبوونی هاوكاریی زیاتری بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە.




