٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ساڵڕۆژی داستانی پردێدا، یەكێتیی قوتابیان ھەڵمەتی ھەفتەی بەرەنگاریی نیشتمانی رادەگەیەنێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر داستانی پردێدا تێدەپەڕێ، بەو بۆنەیەوە، یەكێتیی قوتابیانی كورددستان ھەڵمەتی ھەفتەی بەرەنگاریی نیشتمانی رادەگەیەنێت، سكرتێری یەكێتیی قوتابیانیش رایدەگەیەنێت، لە رێگەی ئەم هەڵمەتەوە باس لە دوو داستانی گرینگی پێشمەرگە دەكەین.

ئەمڕۆ یادی دوو ساڵەی داستانی پردێیە و بەو بۆنەیەوە، یەكێتیی قوتابیانی كورددستان لە پێناو زیاتر ھۆشیاركردنەوەی قوتابیان و ئاشناكردنیان بە قارەمانیەتیی پێشمەرگە لە داستانەكانی پردێ و سحێلا، لە ٢٠ تا ٢٦ـی ١٠ـی ٢٠١٩ لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان، ھەڵمەتێك بە ناونیشانی (ھەفتەی بەرەنگاریی نیشتمانی)، رادەگەیەنێت.

نێچیرڤان كەلاری، لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، یەكێتیی قوتابیانی كوردستان یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی چاندنی ھزر و ھەست و بیری نیشتمانییە لە ناخی گەنجان و قوتابیان، ھەر بۆیە ھەڵمەتێكمان بە ناوی (ھەفتەی بەرەنگاریی نیشتمانی)، راگەیاندووە.

سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان راشیگەیاند، ئەو ھەڵمەتە ماوەی ھەفتەیەك دەخایەنێ لە دەستپێكی داستانی پردێ و كۆتاییەكەشی لە داستانی سحێلایە، كە ئەم دوو داستانە قارەمانێتیی ھێزەكانی پێشمەرگەی تێدا تۆمار كرا و توانرا خاكی پیرۆزی كوردستان بپارێزرێت.

دوای خیانەتی ١٦ـی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، ڕۆژی ٢٠ـی ئۆكتۆبەر، حەشدی شەعبی بە پاڵپشتیی ھێز و میلیشیای نێودەوڵەتی، ھەوڵی دا ھێرش بكاتە سەر ھەولێر، ھەر بۆیە ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، لە شارۆچكەی پردێ رووبەڕووی ھێرشی حەشدی شەعبی بوونەوە و توانییان ھێرشە یەك لە دوای یەكەكانی ئەو میلیشیایانە تێك بشكێنن.

وەك ناوبراو باسی لێوە دەكات، ئامانجیانە لە رێگەی ئەم ھەڵمەتەوە گەنجان و ڕۆڵەكانی كوردستان كە ڕۆڵەی داھاتووی ئەم گەلەن بەر‌خودان و قەدری پێشمەرگە بزانن كە ئەو ئازادییەی ئێستا كوردستانیان لە سایەیدا دەژیت، بە هۆی خوێن و ماندووبوونی پێشمەرگەكانەوە ھاتووەتە دی.

ناوبراو ھەروەھا ئاماژەش بەوە دەكات، لەم ھەڵمەتەدا لە رێگەی ھۆشیاركردنەوەی قوتابی دەمانەوێ باس لە قارەمانێتیی پێشمەرگە بكەین و ھەروەھا باس لە گرینگیی ئەو دوو داستانە بكەین كە لەم ماوەیەدا بۆ پارێزگاری لە خاكی كوردستان لە لایەن پێشمەرگە قارەمانەكانەوە تۆمار كرا، بۆ ئەوەی گەنجانی ئێمە ھۆشیار ببنەوە و بزانن ڕۆڵی پێشمەرگە و ڕۆڵی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان تا چەند بووە.

نێچیرڤان كەلاری جەخت لەوەش دەكاتەوە، لە ھەر شوێنێك یەكێتیی قوتابیان نوێنەرایەتیی ھەبێـت، ئەم چالاكی و ھەڵمەتە بەڕێوە دەچێت بە كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیشەوە، ھاوكات ھەندێك لە چالاكی و بڕگەكانیش لە دەرەوە بەڕێوە دەچن، بەڵام زیاتر لە ناوەندەكانی خوێندن بە زانكۆ و پەیمانگاكانیشەوە كۆڕ و سیمینار ئەنجام دەدرێن.

 

ھەڵكەوت محەمەد

هەواڵی پەیوەندیدار