عەبدولڕەحمان مستەفا: سبەی ژمارە بە لیستەكانی بەشدار لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەدرێت

ھەولێر-KDP.info- سبەی لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كۆدەبنەوە، سەرۆكی لیستی ھاوپەیمانیی كوردستانیش دەڵێت، كۆبوونەوەكە بۆ وەرگرتنی ژمارەی لیستەكانی بەشدار لە ھەڵبژاردنەكەیە.
لە ٢٩ـی ٩ـی ٢٠١٩ لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان لیستی ھاوپەیمانیی كوردستانییان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دیاری كرد و لە ١ـی ١٠ عەبدولڕەحمان مستەفا وەك سەرۆكی لیستی ھاوپەیمانی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەستنیشان كرا، كە بڕیارە ١ـی ٤ـی ٢٠٢٠ ئەنجام بدرێت.
لەو بارەیەوە، سەرۆكی لیستی ھاوپەیمانیی كوردستانی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، عەبدولڕەحمان مستەفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە سبهی لیستەكانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆببنەوە بە مەبەستی وەرگرتنی ژمارە بۆ ھەڵبژاردنی ١ـی نیسانی ٢٠٢٠ بۆ ھەر لیستێكی بەشدار لە ھەڵبژاردنەكان."
لایەنە كوردستانییەكان، لەسەر ئەوە رێككەوتوون لە سنووری پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەددین، بە لیستی ھاوبەش بەشداریی ھەڵبژاردنەكە بكەن، كە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان تێیدا بەشدارن.
فایزە كۆیی




