٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا حەمە رێگر: داستانی پردێ وایكرد حكوومەتی عێراق داوای گفتوگۆ بكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- فەرماندەی فەرماندەیی كەركووك دەڵێ، داستانی پردێ بە چاودێریی راستەوخۆی سەرۆك مەسعوود بارزانی ئەنجام درا، كە هێزەكانی پێشمەرگە قارەمانانە بەرگرییان كرد و سوپا و حەشد و پاسداریان تێكشكاند، تا حكوومەتی عێراق ناچار بوو داوای گفتوگۆ بكات.

رۆژی ٢٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ و دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە پاڵپشتیی میلیشیای نێودەوڵەتی، هێرشێكی چڕیان كردە سەر هەرێم، بە مەبەستی داگیركردنی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە لە پردێ قارەمانانە لێیان هاتنە دەست و بەرگرییەكی سەختیان كرد و ئەنجام هێرشەكە تێكشكێندرا.

لیوا حەمە رێگر، فەرماندەی فەرماندەیی كەركووك، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، داستانی پردێ بە چاودێریی راستەوخۆی سەرۆك مەسعوود بارزانی بوو، هاوكات دكتۆر كەمال كەركووكیش بەرپرسی میحوەرەكە بوو و، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیش سینگی خۆیان كردە قەڵغان و بە ورەیەكی بەرزەوە بەرگرییەكی قارەمانانەیان لە پایتەختی هەرێمی كوردستان كرد، كە توانییان ئەو هێزە زەبەلاحە تێكبشكێنن، كە لە بەشێكی سوپای پاسداران، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق پێكهاتبوون.

ناوبراو نایشارێتەوە، لەوكاتەدا خەڵكی هەرێمی كوردستان بەرەو نائومێدبوون دەچوون، بەڵام داستانی پردێ جارێكی دیكە ئومێدی بە هاووڵاتیانی كوردستان بەخشییەوە، هەروەك چۆن لە سحێلا و مەحموودییە و سەری بازاڕگەش داستانی دیكەی بەرگری تۆمار كران و لوتی ئەو هێزانە شكا، كە خەویان بە داگیركردنی خاكی هەرێمی كوردستانەوە دەبینی.

بە بۆچوونی لیوا حەمە رێگر، داستانی پردێ شەڕێكی چارەنووسساز بووە بۆ هەرێمی كوردستان، وەك چۆن هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەڵێنیان داوە، كە دەبێ هەرێم بپارێزن، بەڵێنەكەشیان بردە سەر و پایتەختی كوردستانیان بە خوێنی ٧ پێشمەرگەی قارەمان پاراست، كە لەو داستانەدا شەهید بوون، "دروود بۆ رۆحی پاكیان".

فەرماندەی فەرماندەیی كەركووك، ئاماژە بەوە دەدا، كە سەركەوتنی هێزەكانیان لە داستانی پردێ، لە رووی سیاسییەوە پەیامێك بووە، كە بووە هۆكاری پێشخستنی هەرێمی كوردستان، هەروەها لە رووی سەربازییەوە، هەر ئەو داستانە بوو، كە وانەیەكی پێدان حكوومەتی عێراق داوای گفتوگۆ و راگرتنی جەنگ بكات، كە خۆیشیان هەڵیانگیرساندبوو، پەیامێكیش بوو، كە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەتوانن بەرگری لە هەرێمی كوردستان و سەروەرییەكەی بكەن و كەس ناتوانێ خاكی پیرۆزی داگیر بكات، كە پەیامێكی روون بوو درایە حكوومەتی عێراقی.

داستانی پردێ، نەبەردیی پاراستن و مانەوەی ھەولێر و حوكمڕانیی كوردستان بوو، لە ڕووی خیانەت و نیشتیمانفرۆشی و نائومێدیدا بوو، ھەڵمەتی نیشتمانپەروەران و دەركەوتن و درەوشانەوەی سەربەرزانەی ھێز و لایەنی دڵسۆز بە گەل و خاكی كوردستان بوو، ھەروەھا بەھێزبوونی زیاتری سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسیی ھەرێمی كوردستانیش بوو، ئەو نەبەردییە مێژووییە ھەر لە ئاستی شان و شكۆی بەرزی پێشمەرگە دەوەشایەوە لە پووچەڵكردنەوەی پیلانی ھاوبەشی داگیركەران، ھەر لەو كاتەشدا مایەپووچكردنی خاكفرۆشانی بەرەی خیانەتیش بوو لە لایەكی دیكە.

 

خێڵان بەختیار

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار