نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە یەکێتیی ئەورووپا سەردانی کۆمیسیۆنی ئەورووپای کرد

د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا سەردانی کۆمیسیۆنی ئەورووپای کرد و لەگەڵ ڕافائیلا یۆدیچی، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنەدا و ئاسیا و باکووری ئەفریقیا لە بەڕێوەبەرایەتیی پەرەپێدان و هاوکاریی نێودەوڵەتیی یەکێتیی ئەورووپا DEVCO و، بەرپرسی دۆسیەی عێراق کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێم هەڵوێست و نیگەرانییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەبەرانبەر دواین پەرەسەندنەکانی سووریا و کاریگەری لەسەر پرسی مرۆیی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، لە ڕووی ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی سووری و ڕەوشی مرۆیی و جووڵەی هێزەکانی سوپای سووریای ئازاد بۆ ناوچە کوردستانییەکان و لێکەوتەکان و بەرگرتن لە ئامرازەکانی توندڕۆیی و مەترسیی گۆڕانی دیمۆگرافیی ناوچە کوردنشینەکان و دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش. هاوکات داوای لە یەکێتی ئەورووپا کرد هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان چڕتر بکاتەوە بۆ دابینکردنی كۆمهكى زیاتری مرۆیى و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی.
لە بەشێکی تردا، د. دلاوەر ئاژگەیی، پلانى فریاكهوتنى مرۆیى بۆ بههاناوهچوونى شهپۆلى نوێى پهنابهرانى سووریای کە لە لایەن ناوەندی هاوبەشی و هەماهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادە کراوە خسته ڕوو. باسیشی لەوە کرد کە حکوومەتی هەرێم پێشبینی دەکات نزیکەی (٢٥٠) هەزار پەنابەری سووریا ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، ئەمەش فشارێكى تر دهخاته سهر ههرێم، بۆیه پێویستمان بە هاوکاری و هەماهەنگیی دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا هەیە بۆ وهڵامدانهوهى ئهو شهپۆلهى پهنابهران."
ڕافائیلا یۆدیچی پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی باڵای کۆمیسیاریای یەکێتیی ئەورووپادا تاوتوێ دەکات بۆ ئەوەی میکانیزم و چۆنیەتیی هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بخەنە بەر باسێکی پڕاکتیکیانەی سەر ئەرزی واقیعەوە.




