شاندێکی پارتی سەردانی کۆنسووڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد
__2019_10_17_h16m5s58__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و شاندی یاوەری لە لایەن کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڕێز نەسروڵڵا ڕەشنودییەوە پێشوازی کران. سەرەتا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ناوی سەرکردایەتیی پارتی بەخێرهاتن و پیرۆزبایی لە بەڕێزیان کرد بۆ دەستبەرکاربوونی وەک کۆنسووڵی نوێی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و دووپاتی هەماهەنگی و هاوکاریی کردەوە.
کونسووڵی ئێران باسی لە پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و بە مێژوویی و گرنگ وەسفی کرد. لە درێژەی ئەو دیدارەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی، گفتوگۆیان لەسەر دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و عێراق و سووریا بەتایبەتی کرد.
ڕەشنودی ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە نیگەرانە و هەوڵی تەواو دەدات تاکو گفتوگۆ ببێتە جێگرەوەی هێرشی سەربازی و ناکۆکییەکان بە ڕێگای ئاشتیانە چارەسەر بکرێن. دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بەڕێز سیوەیلی جەختی لەسەر گرنگیی پاڵپشتیی هەموو لایەک بۆ حکوومەتی فیدراڵیی ئێستا کردەوە، تاکو بتوانێت سەقامگیری و ئاشتی بۆ عێراق بگێڕێتەوە و ئێمە چاوەڕوان دەکەین کە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور لایەنەکان دەستبەرداری بەرژەوەندیی تایبەت ببن و بیر لە بەرەوپێشچوونی وڵات و بەدەستهێنانی ئاسایش بۆ ناوچەکە و دابینکردنی باشترین جۆری خزمەتگوزاری بۆ دانیشتوانی وڵاتەکەمان بکەنەوە. بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان پەیوەست بوون بە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی نیگەرانییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە، کە پێویستە بارودۆخەکە لەوە خراپتر نەبێت و ئەو هێرشانە ڕابگیرێن و دەست بە دانوستان بکرێت بۆ ڕێگری لە قەیرانی مرۆیی. دەربارەی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکە، سیوەیلی گوتی، ئێمە وەکو گەلی کوردستان بۆ برا و خوشکەکانمان لە ڕۆژئاوا تەواو نیگەرانین و ئەو نیگەرانییەشمان بە لایەنی پەیوەندیدار گەیاندووە.
کونسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، پێویستە ڕێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێت و هەڕەشە و مەترسییەکانیش بە ڕێگای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارە بکرێن. بەڕێزیان ئەوەیشی گوت، کە باردۆخی ئێستای سووریا دەستکەوتەکانی شەڕی تیرۆر دەخاتە مەترسییەوە و بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات و زەمینەش بۆ سەرهەڵدانەوەی تیرۆر خۆشتر دەکات و پێویستە هەموو لایەک هەماهەنگ و هاوکار بین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان. لەمەڕ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامییەوە، بەڕێز ڕەشنوودی گوتی، ئێمە خۆمان بە دۆستی گەلی کوردستان و حکوومەتی هەرێم دەزانین و پاڵپشتیی تەواویش دەکەین بۆ زیاتر بەرەوپێشچوون و بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوانمان و هەوڵی خۆشمان دەدەین و کاریگەرییەکانمان بەکار دەهێنن و هاوکاری حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ دەبین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، کە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق بێت.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، سوپاسی کۆنسووڵی گشتیی ئێران، بەڕێز نەسروڵڵا ڕەشنوودیی کرد بۆ ئەو پێشوازییە و داوای کرد کۆماری ئیسلامیی ئێران دەوری خۆی بگێڕێت بۆ کۆتاییھێنان بە ئاڵۆزییەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان.




