٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رێژەی بەشداریكردنی خەڵك لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە كەركووك 60%ی تێپەڕاندووە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك _ گەرمیانی پارتی رایگەیاند، بەردەوام هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی خەڵك هان بدەن سەردانی بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكەن و تاوەكو ئێستاش لە كەركووك رێژەكە تارادەیەك باشە و گەیشتووەتە زیاتر لە 60%، بەڵام كورد هەندێك گرفتی هەیە لەبەر ئەوەی دۆخی كەركووك ئاسایی نییە و بەشێكی زۆریشی ئاوارەن و چارەنووسیان دیار نییە.

دیاری حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵك بەشداری لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا بكەن و تاوەكو ئێستاش ژمارەیەكی باشی خەڵك بەشداری كردووە و رێژەكە گەیشتووەتە زیاتر لە 60%".

حوسێن گوتیشی: "عەرەبەكان زیاتر دەچن بۆ نوێكردنەوەی ناوەكانیان لە بنكەكانی تۆماری دەنگدەران، لەبەر ئەوەی هەندێك گرفتیان هەیە و دۆخی كەركووك  ئاسایی نییە  و خەڵكێكی زۆر ئاوارەیە، كە هێشتا چارەنووسیان یەكلا نەكراوەتەوە ئاخۆ بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان دەكەن یاخود نا، بۆیە پێویستە ئەمە یەكلا بكرێتەوە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ كەركووك، بەڵام رووداوەكانی ئەم دواییەی بەغدا دوای خست و ئێمەش چاوەڕێ دەكەین گفتوگۆكان دەست پێبكەنەوە، بۆ ئەوەی ئەنجامی هەبێت و ئێمەش بگەڕێینەوە پارێزگاكە".

 

بڵند ئیبراهیم   

هەواڵی پەیوەندیدار