٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کونسووڵی گشتیی فەلەستین سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتیی كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- هۆشیارسیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەوەندییەكانی دەروەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز نەزمی حزووری، كۆنسووڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد.

لەو دیدارەدا، پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ بەوردی باسیان لێ كرا. بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند: "گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا بە ئاراستەیەكی باشدا دەڕۆن و هیوامان وایە بگەینە ئەنجامێكی دڵخۆشكەر، كە جێگای ڕەزامەندیی هەموو لایەكمان بێت و ماف و داخوازییەكانی گەلی كوردستانی تێدا بپارێزرێت، بەو شێوەیەی كە لە دەستووردا هاتووە."

هۆشیار سیوەیلی گوتیشی: "ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لەو باوەڕەداین، كە ئارامی و ئاسایش و گەشەسەندن لە عێراقدا پەیوەستە بە تێگەیشتن و ڕێزگرتن لە داخوازییەكانی یەكتر و بەشداری پێكردنی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا و بڕیاردان لە چارەنووسی عێراقییەكان بە ڕێكکەوتن بێت، بە جۆرێك هیچ پێكهاتەیەكی نەتەوەیی، یاخود ئایینی هەست بەوە نەكات، كە وەلا نراوە. بۆ سەقامگیریی ناوچەكەش دەبێ كۆتایی بەو سیاسەتە بێنین كە بووە هۆكاری سەرهەڵدانی تیرۆر و وێرانكردنی دەوڵەت و دەركردنی ملوێنان خەڵك لە زێدی خۆیان."

لە درێژەی ئەو دیدارەدا باس لە گرژییەكانی ئێستای ناوچەكە كرا و بەڕێز سیوەیلی ڕایگەیاند: "ئاڵۆزبوونی گرفتەكان و پەنابردن بۆ هێزی سەربازی بە ئامانجی چارەسەر، ڕێگایەكی هەڵەیە و ناوچەكەمان دەیان ساڵە لە ململانێی سەربازیدایە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە جگە لە وێرانكاری و بەرەوپاشەوەچوون، بۆیە پێویستە گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە داخوازییەكان ببێتە بنەمای سەرەكی بۆ كۆتایهێنان بەم كوشتار و وێرانكارییە."

بەڕێز باڵیۆز، نەزمی حزووری، سوپاسی ئەو دیدارەی كرد و, پەیوەندیی بەهێزی نێوان گەلی فەلەستین و كوردستانی دووپات كردەوە، كە پەیوەندییەكی مێژووییە و چەندین قوناغی هەستیار و گرنكی بڕیوە، تاكو بە ئەمڕۆ گەیشتووە. بەڕێز حزووری باسی لە گرنگیی باشبوونی پەیوەندیی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێم كرد و هیوای خواست كە هەردوولا هەوڵ بدەن ناكۆكییە سیاسییەكان نەبێتە بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە ڕێكکەوتنێك كە پەیوەستە بە ژیانی خەڵكەوە و دەستوور بكەنە بناغەی دوزینەوەی چارەسەر بۆ ناكۆكییەكانیان.

باڵیۆز حزووری دەربارەی ناكوكی و سەرهەڵدانی گرژی ناوچەكە بەگشتی و سووریا بەتایبەتی گوتی: ''ناوچەكەمان تووشی چەندین گرفت و پێكدادن بووەتەوە و پێویستە هەموو لایەك هەوڵی كۆتاییهاتن بە ململانێی سەربازی بهێنن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ."

نەزمی حزووری ڕایگەیاند: "ئێمەی گەلی فەلەستین لە خەبات و داخوازییەكانی گەلی كوردستان باش تێ دەگەین و ڕیزمان بۆی هەیە، بۆیە داواكارین وڵاتانی ناوچەكە ڕێگای ئاشتی و دیالۆگ بگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ پرسی كورد و بە دوزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو پرسە گرنگە بەشێكی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە بە كۆتایی دێت و گرنگە گەلان و حكوومەتەكانی ناوچەكە  بگەنە ئەو باوەڕەی كە بەكارهێنانی هێزی سەربازی تەنیا گرفتەكان زیاتر و ئاڵۆزتر دەكات و وێرانكاریی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت, داواكارین كۆتایی بە هێرشی چەكداری بهێندرێت و ڕێ لە ماڵوێرانی و ئاوارەییی خەڵكی سڤیل بگیرێت."

نەزمی حزوری ڕایگەیاند: "بەردەوامبوونی ئەو شەڕ و ناكۆكییانەی ئێستا لە ناوچەكەدا هەن، كێشەكان ئاڵۆزتر دەكەن و گەیشتن بە ئاشتی زەحمەتتر دەبێت، بۆیە پێویستە كۆتایییان پێ بێت."

 

هەواڵی پەیوەندیدار