٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندێکی حکوومەتی هەرێم لە ٧٤مین خولی گفتوگۆکانی ڕێککەوتننامەی ''سیداو'' بەشدار دەبێ

سەرچاوە: KDP.info

xهەولێر-KDP.info- بڕیار وایە ڕۆژانی ٢١-٢٤/١٠/٢٠١٩ لە بارەگای ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ، خولی (٧٤)ی لیژنەی تایبەت بە ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی جیاکاری دژی ئافرەتان (سیداو)  ببەسترێت بە ئامادەبوونی پسپۆڕ و شارەزایانی لیژنەی (سیداو) و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتننامەکە و نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکوومییە نێودەوڵەتییەکان بە بواری ئافرەتان بۆ گفتوگۆکردنی حەوتەمین ڕاپۆرتی خولی عێراق.

لەم گفتوگۆیانەدا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی شاندی کۆماری عێراقدا بەشدار دەبێت لە نووسینگەى ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ئەندامیەتیی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پەروەردە و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ترى حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خستنەڕووی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری و توندوتیژیی خێزانی، بەتایبەتی ئەو یاسا و ڕێنماییانەی کە لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە دەرچوون و ڕۆڵی دامودەزگا تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستان لە بنەبڕکردنی توندوتیژی و بنیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان.

شایانی باسە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کە لە هەمان کاتدا ئەندامی لیژنەی نیشتمانیی نووسینەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانە، بۆ ئەو ڕێککەوتننامانەیەی کە عێراق ئەندامە تێیدا و پەیوەستە بە بابەتی پاراستن و پێشخستنی ڕەوشەکانی مافی مرۆڤ، لە چوارچێوەی شاندی حکوومەتی فیدراڵدا، سەرۆکایەتیی شاندی هەرێمی کوردستان دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار