٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ 400 پەنابەری رۆژئاوای كوردستان دەگەنە كەمپی بەردەڕەش

سەرچاوە: KDP.info

 بە‌ردەڕەش-KDP.info- قایمقامی قەزای بەردەڕەش ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ چوارشەممە، نزیكەی 400 پەنابەری كوردی رۆژئاوای كوردستان دەگەنە شارۆچكەی بەردەڕەش و لە كەمپی بەردەڕەش نیشتەجێ دەكرێن.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو 9-10-2019، سوپای توركیا و گرووپە توندڕۆكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، هێرشی زەمینی و ئاسمانییان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەست پێ كرد و بە هۆیەوە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان لە ڕەوشێكی خراپدان و ئاوارەی هەرێمی كوردستان دەبن.

خەلیل مەحموود، قایمقامی قەزای بەردەڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: "بڕیارە پاشنیوەڕۆی‌ ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەیەك پەنابەری كوردی رۆژئاوای كوردستان لە پارێزگای دهۆكەوە بگەنە شاروچكەی بەردەڕەش، كە ژمارەیان 140 خێزانە و نزیكەی 400 كەس دەبن".

قایمقامی بەردەڕەش، گوتیشی: "‌لە رێگای بۆردی كاروباری مرۆڤایەتیی پارێزگای دهۆكەوە ئامادەكاریی خۆمان كردووە بۆ پێشوازیكردن لەو پەنابەرانەی ئەمڕۆ وەكو قۆناغی یەكەم دەگەنە شارۆچكەی بەردەڕەش".

ناوبراو ڕاشیگەیاند: "ئەو پەنابەرانە لە كەمپی بەردەڕەش دێنە نیشتەجێكردن، كە پێشتر ئاوارەكانی تێدا بوو."

قەزای بەردەڕەش ، سەر بە پارێزگای دهۆكە و دەكەوێتە نێوان هەرسێ پارێزگای هەولێر و دهۆك و مووسڵ و دوو كەمپی تێدایە و یەكێك لەوان كەمپی گەویلانە، كە ماوەی زیاتر لە 5 ساڵە پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستانی تێدایە.

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار