٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تاڵەبانی بۆ KDP: پیلانێكی نوێ بۆ دەركردنی كورد له‌ كه‌ركووك ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- دوو ساڵ بەسەر پڕۆسەی داگیركاریی كەركووك تێدەپەڕێت و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش دەڵێ، پیلانێكی نوێ بۆ دەركردنی كورد دەستی پێكردوە و ئاشكرای كرد، بە فەرمانی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، كورد لەسەر زەوییەكانیان دەردەكرێن و عەرەب لە واستەوە ھاوردەی شوێنی كورد دەكرێت.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك دەستی بە كۆمەڵێك زێدەڕۆیی كردووە بۆ سەر دەستوور و یاسا، لەوانەش داگیركردنی زەویی كورد و پێكھاتەكانی دیكە، كە دواتر بەسەر عەرەبی واستدا دابەشیان دەكات، ھاووڵاتیانی كوردیش لە گوندەكانیان دەردەكرێن بە پیلان و فەرمانی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك".

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گوتیشی: "ھەموو ئەو گۆڕانكاریانەی ئێستا ئیدارەی كەركووك دەیانكات، پێچەوانەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقن و بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەناو شۆڕشی سەردەمی رژێمی بەعس جێبەجێ دەكرێن، كە ئەمە جێگەی قبووڵكردن نییە و كورد و عێراقییەكان دەنگیان بۆ دەستوور داوە تا بڕیارەكانی بەعس جێبەجێ نەكرێن، بەداخەوە پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بەردەوامە لە سەرپێچییەكانی و ھیچ وادەیەكیش بۆ راگرتنی ئەو سەرپێچیانە نییە".

تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نزیكەی پەنجا بەڕێوەبەر و بەرپرسی كورد لەسەر كارەكانیان لادراون و لە ئێستادا دەیانەوێ لەنێو دیوانی پارێزگای كەركووك ھیچ كوردێك نەمێنێ و ھەمووی ببێت بە عەرەب و رێژەیەكی كەمیش بۆ توركمان".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار