پارتی: كار بۆ درووستكردنی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی دهكهین

بەغدا-KDP.info- بەرپرسی لقی (5)ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەڵێ، لە بەغدا كار دەكەن بۆ ئەوەی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی پێك بهێنن و هەفتەی داهاتووش لەگەڵ لایەنەكان بۆ ئەو پرسە كۆدەبنەوە.
شوان محەمەد تەها، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەوڵی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەو شوێنانەی دی وەكو بەغدا و كوت، لیستی كوردستانی هەبێت و لە هەوڵی جیددیداین بۆ رێكخستنەوە و یەكڕیزیی نێوماڵی كورد و، دەشمانەوێت تەواوی پارتە سیاسییە كوردییەكان بە لیستێكی هاوبەش لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە بەغدا و كوت داببەزین."
بەرپرسی لقی (5)ی پارتی گوتیشی: "مەبەستی ئێمە یەكڕیزیی نێوماڵی كوردە و ئەو یەكلیستییەش گرنگە، بۆ ئەوەی دەنگی كورد بە هەدەر نەچێ و یەكڕیزیی زیاتر لە نێوان پارتە سیاسییە كوردستانییەكان بچەسپێ، تا لە داهاتوودا بتوانین زیاتر داكۆكی لە ماف و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان بكەین."
ناوبراو ئەوەیشی خستە ڕوو: "وەكو هەنگاوی سەرەتایی لەگەڵ برادەرانی یەكێتی لە بەغدا كۆبووینەوە و لە هەفتەی ئایندەش لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی تر و هەندێك رێكخراوی تر و كوردە فەیلییەكانیش كۆدەبینەوە و بەیەكەوە هەوڵ دەدەین ناوەندێكی سەنگین لە شاری بەغدا دروست بكەین."
لەبارەی دیاریكردنی بەربژێرەكانیشەوە، شوان محەمەد گوتی: "زۆر جەختمان لەسەر بەربژێری حیزب نەكردووەتەوە بەقەد ئەوەی هەوڵ دەدەین چەند كەسێكی كوردی شارەزا و خاوەن پێگە و جێگای ڕەزامەندی لەناو شارەكان دەستنیشان بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین وەكو پێویست ئەو ئامانجەی هەمانە بپێكین كە یەكڕیزی و یەكگوتاریی هێزە كوردستانیانە".
بڕیارە ١ی٤ی٢٠٢٠ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بكرێت و لایەنە كوردستانییەكان لە ژێر ناوی (لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی) لە كەركووك، دیالە، سەڵاحەدین و نەینەوا بە یەك لیست بەشداری دەكەن.
نەشوان بەرزنجی




