٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووری حەمەعەلی: جووڵەی داعش زیادی كردووە.. دەبێت ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەیان بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕۆژئاوای كەركووك دەڵێ، ئەو گیراوانەی داعش لە كەمپەكانی سووریا هەڵهاتوون، جێگەی مەترسین، ئێستاش جووڵەی داعش زیادی كردووە، بۆیە دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق هێزێكی بەرگریی هاوبەش پێكبێنن و ڕێگە لە سەرهەڵدانەوە و جووڵەی داعش لە ناوچەكەدا بگرن.

نووری حەمەعەلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ڕووداوانەی لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕوو دەدەن و هەڵهاتنی ژمارەیەكی زۆر لە چەكداران و كەسوكاری داعش و دیلەكان لەلای هێزەكانی سووریای دیموكرات، جێگەی مەترسییە، لە خوارووی ئێمەوەش داعش جووڵەیان دەست پێكردووە و شەوی ڕابردووش 12 چەكداری داعش بیندراون".

نووری حەمەعەلی دەڵێ: "ئەو دۆخەی ئێستا بێگومان مەترسی لەسەر ناوچەكە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی دروست دەكات، داعش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان بوونیان هەیە، بە تایبەتی لە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق داعش جووڵەی دەست پێكردووە و هێزەكانی عێراقیش لە شوێنە گرنگەكان بوونیان نییە، بۆیە پێویستە بەپەلە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕێككەوتنێك بكەن و هێزی هاوپەش پێك بهێندرێت، بۆ ئەوەی  ئەو شوێنانەی گرنگن هێزیان بۆ بنێردرێت و ڕێگە لە جووڵە و خۆڕێكخستنەوەكانی داعش بگرن".

فەرماندەكەی هێزی پێشمەرگە روونیشی دەكاتەوە: "لە سنووری هێزی پێشمەرگە ڕێگە نەدراوە لە سووریاوە چەكدارانی داعش دزە بكەن، بەڵام بەپێی ئەو ڕێوشوێنانەی هێزە عێراقییەكان گرتوویانەتە بەر لە سنووری نێوان سووریا و عێراق، ئەگەرەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی چەكدارانی داعش پەڕیبێتنەوە یان بیانەوێت بپەڕنەوە ناو خاكی عێراق".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار