"رۆژانی دابێ پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکات"

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای خانووە زێدەڕۆکان پەسەند بکات و ئەندامێکی لیژنەی شارەوانییەکانی پەرلەمانی کوردستانیش نرخی نوێی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان ئاشکرا دەکات.
شوان زراری، ئەندامی لیژنەی شارەوانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیاسای خانووی زێدەڕۆ لە لایەن حکوومەتەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیانی کەمدەرامەت پێداچوونەوەیەکی تەواوی بۆ کراوە و بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوودا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بخرێتە کارنامەوە."
لەبارەی گۆڕانکارییەکانیشەوە، ئەندامەکەی لیژنەی شارەوانییەکان دەڵێت: "پێشتر بۆ تاپۆکردنی ھەر مەترێک خانوو لە سەنتەری شارەکان ٦٠ھەزار دینار و لە قەزاکان ٤٠ھەزار و لە ناحیە و کۆمەڵگەکانیش ٣٠ ھەزار دینار دیاری کرابوو، بەڵام ئێستا ئەو نرخە گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە و بۆ سەنتەری شارەکان بەرانبەر تاپۆکردنی ھەر مەترێک خانووی زێدەڕۆ ٣٠ھەزار دینارە و بۆ قەزاکان ٢٠ھەزار و بۆ ناحیەکانیش ١٠ھەزار دینارە، کە ئەو نرخانە گونجاون و لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەمدەرامەتدان."
شوان زراری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پەسەند بکرێت و بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە، چونکە ھەم کێشەی ئەو خانووانە کۆتاییی دێت و ھەمیش لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیانی ھەژار و کەمدەرامەتی ھەرێمی کوردستاندایە، کە ژمارەیان دەیان و سەدانھەزار خانوو دەبێت."
قائید میرۆ




