به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی مافی مرۆڤ: به‌داخه‌وه ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی بێده‌نگن

هەولێر-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ نیگه‌رانه له ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له ڕۆژئاوای كوردستان و پێی وایه ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كه‌مته‌رخه‌من.
تاڤگه عومه‌ر بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌وه‌ی تێبینی كراوه منداڵێكی زۆر له‌ناو ئه‌و شه‌ڕەدا بوونه‌ته قوربانی و، به پله‌ی یه‌كه‌م ئافره‌ت و منداڵ قوربانی بوون. ئه‌وه‌ی ده‌شكرێت پێشێلكاریی مافی مرۆڤه و پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌و یاسا نێوده‌وڵه‌تیانەیە كه دەربارەی مافی مرۆڤ ده‌رچوون، بۆیه زۆر گرنگه به‌تایبه‌ت ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی زلهێز كار بكه‌ن له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشەوە بریاری خێرا بۆ ڕاوه‌ستانی شه‌ڕ بدرێت."
تاڤگه عومه‌ر گوتیشی: "ئه‌وه‌ی له ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كرێت تاوانكارییه ده‌رحه‌ق به مافی مرۆڤ و خه‌ڵكێكی زۆر ئاواره بوون، به‌شێكیان بێ نان و ئاون و ژیانیان له مه‌ترسیدایه، بۆیه ده‌بێ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بێنه سه‌رخه‌ت".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ ڕایشیگه‌یاند: "له‌سه‌ر دۆخی ڕۆژئاوا ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ و ئینته‌رناشناڵ و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕۆڵی ئه‌كتیڤیان نه‌بووه و نه‌یانتوانیوه ڕووداوه‌كان به‌دیكۆمێنت بكه‌ن، به‌ڵام خۆشبه‌خانه ده‌زگای ڕاگه‌یاندن فه‌راغی زۆریان پڕ كردووه‌ته‌وه و ڕۆڵی ڕیكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌بینن."
کارزان هەورامی




