خەسرۆ گۆران: سبەی دادگای فیدراڵی وەڵامی سکاڵای پارتی دەداتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لایەنەکانی بەشدار لە لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانیدا کۆ بوونەوە و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتیش دەڵێ، سبەی دادگای فیدڕاڵی وەڵامی سکاڵای پارتی دەداتەوە و ھیوادارین لە بەرژەوەندیی دەنگدەرانی کورد بێت.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە وەک لایەنەکانی بەشدار لە ھاوپەیمانیی کوردستانیدا کۆ بووینەوە و کۆبوونەوەکەش تایبەت بوو بە دامەزراندنی سکرتاریەتی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی و ئامانجەکانی لیستەکە سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدەکان و تۆمارکردنی ھاوپەیمانیی کوردستانی."
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن گوتیشی: "تا ئێستا بەفەرمی ١٩ لایەنی سیاسی لە ھاوپەیمانیی کوردستانیدا بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەشدارن."
گۆران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سبەی دادگای باڵای فیدراڵی وەڵامی سکاڵای پارتی دیموکراتی کوردستان دەداتەوە، لەبارەی بێبەشکردنی دەنگدەرانی ئاوارە، کە پێشتر لە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردندا بڕیاری لێوە دراوە و پارتیش سکاڵای لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کردبوو."
پەیوەست بە وەڵامی دادگای باڵای فیدراڵی خەسرۆ گۆران دەڵێت: "ئومێدەوارین بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی دەنگدەرانی کورد کۆتاییی بێت."
قائید میرۆ




