دوو رۆژ ماوە بۆ تۆماركردنی ئاوارەكان لە بایۆمەتریی دەنگدەران

هەولێر-KDP.info- تەنیا دوو رۆژ ماوە بۆ تۆماركردنی ئاوارەكان لە سیستەمی بایۆمەتریی دەنگدەران، بەرپرسێكی پارتیش ئاماژە دەدات، بێبەشكردنی ئاوارەكان مەرامی سیاسیی لە پشتە و دەشڵێ، زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار ئاوارە لە دەنگدان بێبەش دەبن.
مەناف حەسەن، بەرپرسی ھەڵبژاردنەكانی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رۆژی سێشەممەی داھاتوو دوا یین رۆژی تۆماری دەنگدەرانی ئاوارەكانە لە سیستەمی بایۆمەتریی دەنگدەران، ئەمە لە كاتێكدایە چەندین سكاڵا لەلایەن ھەرێمی كوردستانەوە دژی بێبەشكردنی ئاوارەكان لە ھەڵبژاردنی داھاتوو تۆمار كراون".
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "دوای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كە تێیدا ھاتووە، ئاوارەكان تەنیا دەتوانن لە شوێنی پێشووی خۆیان دەنگ بدەن و لەو شوێنەی وەك ئاوارە تێیدا نیشتەجێن مافی دەنگدانیان نییە، ئێمە بەشێكی زۆری ئاوارەكانمان ھان داوە خۆیان لە ناوچە كوردستانییەكانی وەك دۆمیز تۆمار بكەن بۆ ئەوەی مافی دەنگدانیان ھەبێت".
حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "رۆژی ١٥ی ئەم مانگە كۆتا رۆژە بۆ تۆماركردنی دەنگدەرانی ئاوارەكان و ئەگەر بڕیاری دادگاش لە بەرژەوەندیی ئێمەدا تەواو بێت، ھیچ كات بەدەستەوە نامێنێ بۆ خۆتۆماركردنی ئاوارەكان، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا".
قائید میرۆ




