وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سێ پرسی گرنگ سەردانی بەغدا دەكات

هەولێر-KDP.info- شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سێ مەبەست سەردانی بەغدا دەكات، لەوانە پێكهێنانی خاڵی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەكان لە نێوان پێشمەرگە و سوپا و مەترسیی سەر ناوچە كوردستانییەكان و مووچەی پێشمەرگە و كێشە هەڵپەسێردراوەكان.
میران بەكر، سكرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتوون لە وەزیری پێشمەرگە و بریكاری وەزیر و سەرۆكی ئەركانی وەزارەت و ژمارەیەك فەرماندەی باڵا، سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق كۆ دەبنەوە.
میران گوتیشی، لەو سەردانەدا سێ تەوەری گرنگ گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، ئەوانیش بریتین لە پێكهێنانی خاڵی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش كە پێشتر لە نێوان پێشمەرگە و سوپادا بڕیاری لێ درابوو، هەروەها باسی مەترسییەكانی سەر ناوچە كوردستانییەكان دەكرێت بە تایبەت ئەو بۆشاییەی لە نێوان پێشمەرگە و سوپادا هەیە و خاڵی سێیەمیش باسی مووچە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانێ نێوان هەردوو لا دەكرێت.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، بڕیارە لەو كۆبوونەوانەی دەكرێن رێككەوتنی سەرەتایی لە نێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی واژۆ بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




