٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەعید عومەر: رەوشی هاووڵاتیانی رۆژئاوای كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بڕیارە گەورەترین كاروانی ھاوكاریی مرۆیی لە ھەرێمی كوردستانەوە رەوانەی رۆژئاوای كوردستانی بكرێت، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان -سووریاش دەڵێ، زیاتر لە سەد ھەزار كەس ئاوارە بوونە و پێویستیان بە ھاوكاریی بەپەلە ھەیە.

لەو بارەیەوە، سەعید عومەر، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان –سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەوشی رۆژئاوای كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و خەڵكێكی زۆر لە ناوچەكانی سەرێكانی و گوندە سنوورییەكان ئاوارە بوونە، كە زیاتر لە سەد ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل دەبن، نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستیی رۆژانەش تەنگی بە رۆژئاواییەكان ھەڵچنیوە".

بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە یەك تا دوو رۆژی داھاتوودا گەورەترین كاروانی ھاوكاری دەگەیەنێتە رۆژئاوای كوردستان و بەسەر خەڵكی لێقەوماوی ناوچەكەدا دابەش دەكرێت.

سەعید عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "خەڵكی رۆژئاوا پێویستیان بە ھاوكاریی مرۆیی ھەیە، بە تایبەتی ھەماھەنگیی تەواومان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھەیە بۆ گەیاندنی ھاوكاری، چونكە ھاووڵاتیان چاویان لە گەیاندنی ھاوكاریی بەپەلە ھەیە و رژێمی سووریاش ھەموو رێگەیەكی لێ گرتوون".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار