سەنتەری مرۆیی بۆ گفتوگۆی سویسری و مەكتەبی پەیوەندییەكان پرسگەلێكیان تاوتوێ كرد

هەولێر-KDP.info- سەنتەری مرۆیی بۆ گفتوگۆی سویسری (Humanitarian Dialogue Center)، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و لەلایەن بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانەوە پێشوازی كران.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە پاتریك هەینی و شاندنی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە ماری كۆراود، لێكۆڵەر و ئەكادیمیست لە زانكۆی سۆربۆنی، ئامانج لە سەردانی سەنتەری ناوبراویش بۆ هەرێمی كوردستان، كە لەلایەن حكوومەتی سویسراوە راسپێردراون، بۆ نێوەندگیرییە لە نێوان لایەنە ناكۆكەكان و نزیككردنەوەیان لە یەكدی و دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو و باوە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بە گشتی و شنگال و كەركووك بە تایبەت، كە خاوەنی تایبەتمەندین و بوونەتە سیمبولی ناكۆكیی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ و كاریگەریی ناوچەیی لەسەر ناكۆكییەكان.
سەرەتا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بە وردی باسی لە بارودۆخی ئەو ناوچانە كرد و ڕایگەیاند، حكوومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیانتوانیوە لە ئاستی ئەو بەپرسیاریەتییەدا بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵكوو بوونەتە بەشێك لە نەهامەتییەكان، باشترین نموونەش ئەو هێزانەن كە لەو ناوچانە جێگیر كراون و ئەو یاسایانەی كە لە پەرلەمان پەسەند كراون كە دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكن و بە تایبەتی ئاوارەكان و هەوڵدان بۆ بەزۆر گەڕاندنەوەیان بۆ جێگای خۆیان، لە كاتێكدا كە هیچ دڵنیاییەكی ئاسایشی و ئارامی نەدراوە. ئێمە داوامان لە حكوومەتی فێدراڵ و دەزگای دەستووریەكانە كە دەستووریانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكەن و مافی گەلی كوردستان و هەموو ئەو پێكهاتانە بپارێزێت و بدرێت.
بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان بریتی بوو لە هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكان، بەڕێز سیوەیلی ڕایگەیاند: "ئێمە لە سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانی سووریا، داوامان لە كوردانی ڕۆژئاوا كرد كە یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن و هەوڵ بدەن سەربەخۆیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشهات و دەرفەتەدا بكەن، كە دێنە پێش. بەداخەوە لایەنەكان نەیاتوانی ناكۆكییەكان وەلا بنێن و سوود لەو دەرفەتە وەربگرن كە هاتبووە ئاراوە. ئێمە زۆر نیگەرانین لە ڕووداوی هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، كە دەبێتە هۆكاری نەهامەتیی زیاتر بۆ گەلی كوردستان لەو پارچەیەی كوردستاندا. داواشمان لە حكوومەتی توركیا ئەوەیە، ئەو هێرشانە ڕابگرێت بۆ ئەوەی جیتر خەڵكی بێتاوان نەبنە قوربانی. هێرشی توركیا دەبێتە هۆكاری ئاوارەبوونی دەیان هەزار كەسی مەدەنی و وێرانكردنی ماڵ و ژێرخانی ئابووریی ڕۆژئاوای كوردستان. داواكارین كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەركی خۆی هەستێت بۆ رێگەگرتن لە ماڵوێرانیی زیاتر و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ناوچەكە".
بەڕێز هەینی، سوپاس ئەو دەرفەتەی كرد و ڕایگەیاند، كە ئەوان پێشتر نیگەرانیی خۆیان بە لایەنی پەیوەندیدار گەیاندووە لە مەترسیی ئەم پێشهاتە، بەڵام بەداخەوە ڕێگری نەكرا و ئێستاش كات درەنگ نییە بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغداش، بەڕێزیان دووپاتی كردەوە، كە تەنها ڕێگا بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و ئارامی، لێكتێگەشتن و قبووڵكردنی یەكتر و گەڕانەوەیە بۆ دەستووری هەمیشەیی عێراق لە پێناو پاراستنی ماف و ئازادییەكانی خەڵكیدا.
ناوبراو هەروەها جەختی لە ئامادەیی وڵاتەكەی كردەوە بۆ كاركردن و گفتوگۆ تاكو بتوانرێت چارەسەرێكی یەكجاری و گونجاو كە جێگای رەزامەندیی هەموو لایەك بێت، بدۆزینەوە.




