٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راگەیاندنی پارتی سەرەخۆشی لە خانەوادەی نووسەر و رووناكبیر زیوەر خەتاب دەكات

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێزان خانەوادەی نووسەر و رووناكبیری ناوداری گەلەكەمان (زیوەر خەتاب)

خامبار بووین بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی نووسەر و رووناكبیری ناسراوی گەلەكەمان (زیوەر خەتاب). بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كەسوكار و بنەماڵەكەتان و سەرجەم رۆشنبیری و نووسەرانی كوردستان دەكەین و خۆمان بە شەریكی خەمتان دەزانین.

خوالێخۆشبوو (زیوەر خەتاب) كەسایەتیی رۆشنبیر و بەئەزموون، لە ساڵی (1929) لە شاری هەولێر لەدایك بووە، لە نێو خانەوادەیەكی خوێندەوار و رۆشنبیر و ئایینپەروەردا پەروەردە بووە و سەرەتا لە حوجرە خوێندوویەتی، پاشان لە ساڵی (1937) لە قوتابخانەی (ئەلسانیە) دەستی بە خوێندنی سەرەتایی كردووە.

لە ساڵی (1948) لە كۆلێژی ماف لە بەغدا وەرگیراوە، لەو ماوەیەدا خەریكی خوێندنەوە و نووسین بووە و لە رۆژنامەی (سەوت ئەلئەحرار) بابەتی بڵاو كردۆتەوە، لە ساڵی (1951) بۆ ماوەی ساڵێك دەستگیر كراوە، ساڵی(1953) گەڕاوەتەوە هەولێر و جارێكی دیكە بە هۆی كاروباری سیاسییەوە بۆ ماوەیەك زیندانی كراوەتەوە، لە ساڵی (1955) خوێندنی كولێژی تەواو كردووە و بووەتە پارێزەر. 

لە ساڵی (1970-1971) چەندین وتاری بەپێز لە رۆژنامەی (التاخی) بڵاو دەكاتەوە، لە ساڵی (1981)خانەنشین كراوە. دواتر چەندین وتار لە رۆژنامەی ئەلمواتن) و (ئەلئیتیحاد) و (خەبات)ی عەرەبی بڵاو دەكاتەوە و چەندین كتێب و نامیلكە وەك یاداشتنامە بەچاپ گەیاندووە، لەوانە:

(رحلە فی عالم الفكر) (مختارات من قرا‌‌واتی) (مع الجواهری) (رحلە پانیە فی عالم الفكر) دوا كتێبیش بەناوی (دروێنەی رۆژەكانی زیوەر خەتاب)ە، كە هەڤپەیڤینە.  

  كۆچی دوایی ئەو نووسەر و رووناكبیرە، زیانێكی دیكەیە بۆ بواری رۆشنبیریی كوردی، هیواخوازین هاوخەمیی دۆست و دڵسۆزان و هۆگرانی بەرهەمەكانی ناوبراو ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووریتان و لە خەم و خەفەتتان كەم بكاتەوە.

 جارێكی دیكە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و خوای گەورە گیانی خوالێخۆشبوو بە بەھەشتی بەرین شادبكات.

 

اناللە وانا الیە راجعون

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

 

هەواڵی پەیوەندیدار