٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حكوومەتی هەرێم داواكارییەكانی لەبارەی پشكی كورد لە بودجەدا بۆ بەغدا رەوانە كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گوتی، گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی كێشەكانی نێوانیان بەردەوامە و ئیرادەیەكی زۆر باش بۆ چارەكردنی كێشەكان هەیە. دەشڵێ، هەرێمی كوردستان داواكاریی خۆی لەبارەی پشكی كورد لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بۆ بەغدا رەوانە كردووە و بڕیاریشە شاندێكی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا بكات.

فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامییان هەیە و هەنگاوی باش نراوە، هەروەها لەلایەن هەرێم و بەغداشەوە ئیرادەیەكی بەهێز هەیە بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەردوو لا، بۆیە گەشبینین كە بتوانن بگەنە رێككەوتن".

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی تەخمینی خۆی كە ساڵی داهاتوو چەندی پێویستە و داواكاریی چییە لە پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، بۆ بەغدا رەوانە كردووە، بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاساكەدا جێگیر بكرێت، بەڵام حكوومەتی عێراق هێشتا پڕۆژەیاسای خۆی تەواو نەكردووە"

عیسا باسی لەوەش كرد، بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا سەردانی بەغدا بكات، بۆ ئەوەی بتوانن لەبارەی پشكی هەرێمەوە لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتن.

 

بڵند ئیبراهیم   

هەواڵی پەیوەندیدار