٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رۆژئاوای كوردستان: خەڵكی سێ شاری گەورە و دوو شارۆچكە بە تەواوی ئاوارە بوونە

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەڵێ، توركیا بە هاوكاریی 20 هەزار سەربازی سووریای ئازاد دەستی بە هێرشی زەمینی و ئاسمانی كردووە و شەڕ بەردەوامە و تاوەكو ئێستاش هەشت كەس شەهید بوونە و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوونە، هەروەها خەڵكی سێ شاری گەورە و دوو شارۆچكە بە تەواوی ئاوارە بوونە و لە هەموو شارەكانی دیكەش خەڵك رادەكات و دۆخەكە زۆر خراپە.

د. كاوە ئازیزی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، توركیا هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر كوردستانی سووریا دەست پێكردووە و خەڵكی سێ شاری گەورە و دوو شارۆچكەی نزیك سنوور بە تەواوی ئاوارە بوونە و لە هەموو شارەكانی دیكەش خەڵك لە ترسی هێرشی توركیا رادەكات، چونكە دەزانن بێن دەیانكوژن و ماڵەكانیان تاڵان دەكەن".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا گوتیشی: "لەو هێرشەی توركیا 20 هەزار سەرباز لە لەشكری سووریای ئازاد لەگەڵیان بەشدارن و تاوەكو ئێستا هەشت شەهید هەن و ژمارەیەكی زۆری برینداریش هەن، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت لەو شەڕەدا ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سڤیل ببنە قوربانی".

ناوبراو دەشڵێ، ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێكی بەپەلە نەدات و ناوچەیەكی ئارام دروست نەكرێت، دۆزی كورد كۆتایی پێدێت، چونكە توركیا داگیری بكات، ئیتر شتێك بە ناوی دۆزی كوردەوە نامێنێت.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار