"پارتی و یەکێتی و گۆڕان کۆ دەبنەوە"

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە ڕۆژانی دابێ پارتی و یەکێتی کۆ ببنەوە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێ، دوای کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، کۆبوونەوەی سێ قووڵیی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان بەڕێوە دەچێت.
سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لە ڕۆژانی دابێ پارتی و یەکێتی کۆ ببنەوە و دوای کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیش کۆبونەوەیەکی سێ قووڵی لە نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕاندا بەڕێوە دەچێت."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتیشی: "ڕەوشی حکوومەت و ئەو پرسانەی تا ئێستا ماون و لە ماوەکانی ڕابردوودا ساردییەک کەوتە نێوان پارتی و یەکێتی، پێویستە ئەو بابەتانە قسەیان لەسەر بکرێت و کۆتایی بەو پرسانەی ساردییان خستووەتە نێوان پارتی و یەکێتی بێت."
پیرە دەڵێت: "ھەنگاوێکی ھاوبەش ھەیە بۆ پشتیوانیکردنی حکوومەت و ڕێکخستنەوەی کارەکانیان، دەشبێت ھەڵوێستی ھاوبەش ھەبێت بۆ ئەوەی بە ھەموومان پشتیوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بین."
سەعدی پیرە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەگەر یەکێتی بییەوێ لە حکوومەت بکشێتەوە خۆی قسە دەکات، ئەو زانیارییانەی لە ھەندێ شوێن و سۆشیالمیدیا لەبارەی کیشانەوەی یەکێتی بڵاو دەکرێنەوە ھیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە و نییە و کشانەوەی یەکێتی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە."
قائید میرۆ




