مەحموود عوسمان: رووسیا گرنگیی زۆر بە هەرێمی كوردستان دەدات

هەولێر-KDP.info- وەزیری دەرەوەی رووسیا، دوای سەردانیكردنی عێراق گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتیش كۆبووەوە، سیاسەتمەدارێكی كوردیش دەڵێ، رووسیا هەرێمی كوردستانی زۆر لا گرنگە و دەیەوێت بایەخی زیاتری پێ بدات و پەیوەندییەكان باشتر بن و هەرێمی كوردستان و بەغداش لەبارەی كێشەكانی نێوانیانەوە بگەنە رێككەوتن.
سیاسەتمەداری كورد، د. مەحموود عوسمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، هاتنی وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ هەرێمی كوردستان، گرنگیی خۆی هەیە و هاتووە بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان باشتر بێت و ئەو پەیوەندییەشیان زۆر لا گرنگە و دەمێكە سەردانی عێراقیان نەكردووە و پەیوەندییان لەگەڵ كورد زۆر باشە.
د. مەحمود عوسمان گوتیشی، وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی لەوە كردووەتەوە، كە هەرێمی كوردستان و بەغدا بگەنە رێككەوتن و لێكتێگەیشتن لە نێوانیاندا هەبێت، چونكە رووسیا چەندین كۆمپانیای لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە لایان گرنگە پەیوەندییان زۆر باش بێت بە تایبەت لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەمە وا دەكات ئەو پەیوەندیانەی هەن، زیاتر پێشبخرێن.
ئەو سیاسەتمەدارە باسی لەوەش كرد، رووسیا گرنگیی زۆر بە هەرێمی كوردستان دەدات و پێیان خۆشە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتن، بۆ ئەوەی سەقامگیری هەبێت لە هەموو عێراق و هاوكاریی یەكتری بكەن.
ناوبراو ڕاشیگەیاند، هەر سەركردە و بەرپرسێك سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆدەبێتەوە، چونكە لە هەموو كەسایەتییەكان گرنگترە.
بڵند ئیبراهیم




