ڕاوێژكارێکی كۆمارییه‌كان: توركیا له دامەزراندنی ناوچه‌ی ئارام پاشگه‌ز بووه‌تەوە

ئەمەریکا-KDP-info- له ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌ردوو حكوومه‌تی ئەمەریکا و توركیا له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێكکه‌وتن کە ناوچه‌ی ئارام له ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست بكه‌ن و ته‌واوی ئاواره‌كانی ئه‌و وڵاته بگه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌و ناوچه ئارامه، به سێ قۆناخ هێزی ئەمەریکا و توركیا ڕۆیشتنه ناو خاكی سووریا بۆ دامەزراندنی ناوچه‌ی ئارام، به‌ڵام بەگوێرەی راوێژکارێکی کۆمارییەکان، ئێستا توركیا پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه، توركیا داوای زۆر زیاتر له‌و ناوچەیە ده‌كات، کە دیاری كرابوو بخرێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌ی ئارامەوە، ئەمەریکاش له ناوچه‌كه‌ده‌كشێته‌وه.
زەردەشت تۆفیق بەگ، ڕاوێژكاری حزبی كۆمارییەكانی ئەمەریكا، له لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ڕێكکه‌وتنی ئەمەریکا و توركیا بۆ دامەزراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌سه‌ر خاكی سووریا له‌سه‌ر 25 كیلۆمه‌تر كرابوو، به‌ڵام ئێستا توركیا به‌وه ڕازی نییه و داوای كردووه ئەو ناوچەیە فرەوان بكرێت بۆ زۆر زیاتر له‌وه‌ی له‌سه‌ری ڕێك که‌وتبوون".
زه‌رده‌شت تۆفیق به‌گ زیاتر ڕوونی كرده‌وه: "ئەمەریکا له وڵاتی سووریا 2000 هه‌زار هێزی سه‌ربازیی هه‌یه، له‌و 2000 هه‌زاره، 1000 سه‌ربازیان هێزی شه‌ڕكه‌رن و 1000 هه‌ربازی تر‌یان كاری تایبه‌تیان پێ سپێردراوه، ئێستا ئەمەریکا ده‌ستی كردووه به كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له باكووری سووریا".
ڕاوێژكاره‌كه‌ی حزبی كۆمارییه‌كانی ئەمەریکا گوتی: "ڕێكکه‌وتن له نێوان ئەمەریکا و توركیادا كراوه، هێزی سه‌ربازیی توركیا ده‌ڕواته باكووری سووریا و ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له نێوان هێزه‌كانی توركیا و هێزەکانی كورددا ڕوو بدات، ئه‌وا ئەمەریکا بێلایه‌ن ده‌مێنێته‌وه و، وه‌ك گوتمان ئێستا ئەمەریکا ده‌ستی به كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی كردووه."
زه‌رده‌شت تۆفیق به‌گ بڕوای وایه، توركیا له سه‌رووی ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا عه‌فرینی دووه‌م دووباره ده‌كاته‌وه، ئەمەریکاش هیچ هه‌ڵوێستێكی نابێت.
عه‌زیز هه‌ورامی




