مەسرور بارزانی: پرۆسەی چاکسازی دەبێ دادپەروەری تێدا بێت و لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیدا بێت

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە 2019/10/7 بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەی هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی و ئیمتیازاتەکانی دیکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی پێویست دەربارەی یاسای چاکسازی کرا و چەخت لەسەر گرنگی ئامادەکردنی یاساکە و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان کرایەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی چاکسازی کرد کە تەوەرێکی گرنگی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گوتی ” خواست و ئیرادەمان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی زۆر بەهێزە و بە هاوکاری پەرلەمانی کوردستان ئەنجامی دەدەین. ئامانجی چاکسازییش بەدیهێنانی دادپەروەی و بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانە و پرۆسەی چاکسازیش دەبێ لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت“.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە گفتوگۆی زیاتر دەربارەی پڕۆژە یاساکە بکرێت و کۆبوونەوەکان لەمبارەیەوە بەردەوام دەبن تا گەڵاڵەکردنی رەشنووسی کۆتایی و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان. پرۆسەی چاکسازیش بە جۆرێک دەبێت کە دادەپەوەری لە بەرچاو دەگیرێت و مووچەخۆری شایستە، ماف و شایستە داراییەکانی بە پێی یاسا و رێنماییەکان پارێزراو دەبێت.




