٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكایەتیی پەرلەمان، گەشتكردنی پەرلەمانتاران بۆ دەرەوەی وڵات ڕادەگرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، گەشتكردنی پەرلەمانتار و فەرمانبەران بۆ دەرەوەی وڵات ڕادەگرێت، ئەندامێكی لیژنەی یاساییش دەڵێ، گرنگە گەشتگردن سنووردار بكرێت و ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، رێگە نەدرێت گەشت بكەن.

بەپێی نووسراوێك، كە واژۆی سەرۆكی پەرلەمانی لەسەرە و كۆپییەكی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ئاماژە دراوە: "هاوكات لەگەڵ ڕاگرتنی هەموو خەرجییەك جگە لە پێداویستییە گرنگەكان، بڕیارمان دا بە ڕاگرتنی هەموو جۆرە شاندكردنێكی پەرلەمانتار و فەرمانبەران بۆ دەرەوەی وڵات، جگە لەو حاڵەتانەی كە پێشتر ڕەزامەندیی نووسراوی لەسەر دراوە تا ئەو كاتەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان شێواز و مەرجەكانی شاندكردن رێك دەخاتەوە".

هەر لەمبارەیەوە، خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ڕاستە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاری داوە كە گەشتكردنی پەرلەمانتاران بۆ دەرەوە رابگیرێت، كە ئەمەش كارێكی باشە ئەگەر سنووردار بكرێت و گەشتەكان تەنیا بۆ كاری پێًویست بن، چونكە هەندێك جار پێویستە شاند بچێت بۆ دەرەوەی وڵات بۆ بەشداریكردنی لیژنەكان لە خولەكان یان كاری پێویست، بەڵام نەك هەر یەكێك ویستی سەفەر بكات".

خەدیجە عومەر باسی لەوەش كرد، كۆمەڵێك شاند سەردانی دەرەوەیان كردووە، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە ئەو بڕیارەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ چ مەبەستێك دەركراوە، كە ئاخۆ داراییە یاخود مەبەستی دیكەیە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار