٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بابكەیی بۆ KDP: نیەتی پەرلەمان و حكوومەت له‌باره‌ی پڕۆژەیاسای چاكسازیه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەی چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان كۆببێتەوە، پەرلەمانتارێكی پارتیش ئاماژە دەدات، ھیچ ناكۆكییەك لە نێوان فڕاكسیۆنەكانی پەرلەماندا نییە لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازییەوە و دەشڵێ، ھەر فڕاكسیۆنێك تەگەرە بخاتە بەردەم پڕۆژەكە، پارتی زۆرینەی خۆی بەكار دێنێ لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان.

دكتۆر رێبوار بابكەیی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت: "پێش ھەموو شتێك نیەتی پەرلەمان ئەوەیە پڕۆژەیاسای چاكسازی پەسەند بكرێت و بكرێت بە یاسا، دیارە ئەمە نیەتی حكوومەتیشە و یەكێك لەو پڕۆژەیاسایانەی حكوومەت دەینێرێت بۆ پەرلەمان، پڕۆژەیاسای چاكسازییە، ھەڵبەت لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا مشتومڕێكی زۆری راگەیاندنی لەسەر كرا، بەڵام ھەوڵ دەدرێت لە پەرلەمانی كوردستان بە سازان و بێ ئاستەنگ پەسەند بكرێت".

ئەو پەرلەمانتارە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "مەبەست لە یاسای چاكسازی، رێكخستنەوەی كۆمەڵێك كەرتی گرینگە و پێویستە رێك بخرێنەوە، لەوانەش پرسی خانەنشینی و ھەندێ لەو كەسانەی دوو مووچە و سێ مووچەیان ھەیە یانیش بە بندیوار ناسراون، چارەسەر دەكرێن و رێك دەخرێنەوە".

بابكەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەگەر فڕاكسیۆنەكانی نێو پەرلەمان بە ئیرادەیەكی پتەو ھەوڵ بدەن بۆ پەسەندكردنی، ئەوە بێگومان ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی زۆر پێداگرین لەوەی پێویستە لە ئایندەیەكی زوودا پڕۆژەیاسای چاكسازی پەسەند بكرێت لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، كە بێگومان پاڵپشتی حكوومەتە لە ڕووی داراییەوە و پارەیەكی زۆر مانگانە بۆ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە".

پەیوەست بە ناكۆكیی نێوان فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان، دكتۆر رێبوار بابكەیی دەڵێت: "ھیچ ناكۆكییەك لە نێوان فڕاكسیۆنەكاندا نییە، بە تایبەتی لە نێوان فڕاكسیۆنی پارتی و یەكێتی، بەڵام ھەر فڕاكسیۆنێك  ویستی تەگەرە بخاتە بەرەدەم پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە، ئەوكات ئێمە وەك پارتی زۆرینەی خۆمان بەكار دێنین و لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان پڕۆژەیاسای چاكسازی پەسەند دەكرێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار