سیروان ڕۆژبەیانی: ھاوپەیمانیی کوردستانی کاریگەری لەسەر کۆکردنەوەی دەنگی کورد دەبێ

مووسڵ-KDP-info- زۆرینەی لایەنەکانی کورد بە لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی بەشداری لە ھەڵبژاردنی مانگی نیسانی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا دەکەن و بەرپرسێکی کوردیش پێی وایە، ھاوپەیمانیی کوردستانی کاریگەریی لەسەر دەنگی کورد دەبێت.
سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھاوپەیمانیی کوردستانی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بۆ کورد گرینگە، چونکە یەکدەنگیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەبێتە ھۆی زیادبوونی دەنگی کورد لەو ناوچانە و دەنگی کورد پەرت نابێت، لەبەر ئەوە، یەکھەڵوێستی و یەکلیستیی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەبێت.
جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتیشی: "بەھۆی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا گۆڕانکاری ڕوو دەدات، لەبەر ئەوە یەکگرتنی لایەنەکانی کورد بۆ قۆناغی ئێستا و داھاتوو لەجێی خۆیدا بووە."
پەیوەست بە خۆئامادەکردنی لایەنەکان بۆ ھەڵبژاردنی مانگی نیسانی ساڵی داھاتوو، سیروان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەموو لایەنەکان ئازادن، چۆن خۆیان بۆ ھەڵبژاردن ئامادە دەکەن، ئێمەش وەک حکوومەتی خۆجێی مووسڵ ئامادەین ئەو دەرفەتە بگونجێنن تا لایەنەکانی بەشدار لە ھەڵبژاردندا بتوانن بە شێوەیەکی ئازادانە ئامادەکاری بکەن."
قائید میرۆ




