٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەباح بەیتوڵڵا: پەكەكە رەوشی ھەرێم و پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان لە بەرچاو ناگرێت

سەرچاوە: KDP.info

ئاكرێ-KDP.info- لەگەڵ ھاتنی وەرزی پایزدا، گوندنشینان سەردانی گوندەكانیان دەكەن بە مەبەستی چنینی بەرھەمی ئەمساڵیان، بەڵام بە ھۆی بوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكەوە، ھاووڵاتیان ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەكانیان.

سەباح بەیتوڵڵا، بەرپرسی لقی ٩ی پارتی لە ئاكرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "نزیكەی ٢٠ گوندی دەڤەری ئاكرێ بە ھۆی بوونی بنكە و بارەگای چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" ئاوەدان نەكراونەتەوە و خەڵكەكەی لە شارەدێكانی سەر بە ئاكرێ نیشتەجێن، لەو گوندانە بە دروستی ١٣ گوند چۆڵ كراون و ژمارەیەك گوندی دیكەش مەترسییان لەسەرە".

ماوەی هەفتەیەكە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بوردوومانی گوندەكانی سەر بە شارەدێی دینارتەی سنووری قەزای ئاكرێ دەكەن، ئەویش بە بیانووی ھەبوونی پەكەكە لەو ناوچەیە، كە مەترسیی لەسەر گوندنیشینان دروست كردووە.

سەباح بەیتوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەگەر پەكەكە لەو ناوچەیە نەبێت، بێگومان بەھانەش نادرێتە دەست توركیا بۆ ئەوەی ناوچەكە بكەنە ئامانجی فڕۆكەكانیان، بەڵام پەكەكە رەوشی ھەرێمی كوردستان و پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان لە بەرچاو ناگرێت، ھەر ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵكی سڤیلی ھەرێمی كوردستان ببێتە قوربانیی شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار