كاكەیی: سەندیكای پارێزەران كۆنگرە دەبەستێت.. هەولێر 47 نوێنەری دەبێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ڕایگەیاند، رۆژی 17ی ئەم مانگە لە شاری هەولێر سەندیكاكەیان شەشەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت.
ئەیاد كاكەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، كۆنگرەی شەشەم لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت و لە كۆی هەر 100 پارێزەر، كەسێك دەبێتە ئەندامی كۆنگرە، بەوپێیەش كە هەولێر 4700 پارێزەری هەیە، كەواتە 47 نوێنەری لە كۆنگرەی شەشەمدا دەبێت.
كاكەیی هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، دەبێ دوای كەمتر لە 30 رۆژ لە رۆژی ئەنجامدانی كۆنگرەكەوە، ئەنجومەنی سەندیكا هەڵبژێردرێت و دواتریش ستافی لقەكان هەڵبژێردرێن و پاشانیش ئەندامانی ژوورەكان لە سنووری هەر شارێك دیاری دەكرێن.
سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەران ڕاشیگەیاند، جگە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، پارێزەرانی شاری كەركووكیش بەشداری كۆنگرەكە دەبن و مافی دەنگدان و خۆهەڵبژاردنیان دەبێت.
هێدی كاكەیی




