كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگا ئەھلییەكان ٢٥% كەم دەكرێتەوە

هەولێر-KDP.info- دوای كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكانی سەر بە حكوومەت، بڕیارە پێداچوونەوە بە كرێی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگا ئەھلییەكانیشدا بكرێت، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگا ئەھلییەكان ٢٥% كەم دەكرێتەوە.
دكتۆر گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ھەموو ھەوڵەكانی بۆ ئەوەیە نرخی خوێندن لە زانكۆ و پەمانگەكانی ھەرێمی كوردستان كەم بكرێتەوە و دوای ھەوڵێكی زۆریش توانیمان نرخی خوێندنی پاڕالێل لە زانكۆ و پەیمانگاكانی سەر بە حكوومەت ٤٥% كەم بكەینەوە و وەزارەت بڕیاری لەسەر دا".
بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەشڵێت: "لە ئێستادا ھەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی نرخی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگا ئەھلییەكانیش كەم بكرێتەوە و دڵنیایی دەدەین بە قوتابیانی خۆشەویست لە ماوەكانی داھاتوودا بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی كرێی خوێندنیان دەدرێت".
دكتۆر گەلاوێژ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "نرخی داشكێندراو دیاری نەكراوە لە زانكۆ و پەیمانگا ناحكوومییەكان، بەڵام پێشبینی دەكەین نرخی كرێی خوێندن لە ٢٥% داشكاندنی بۆ بكرێت و كەم بكرێتەوە، چونكە پێمانوایە ئەو نرخەی ئێستا ھەیە لە توانای ھەموو قوتابییەكدا نییە و پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە".
قائید میرۆ




