ھەدار بارزانی: لە ئایندەیەکی نزیکدا روفاتی ١٧٠ ئەنفالکراو دەگەڕێندرێنەوە کوردستان

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەیەک روفاتی نێو دوو گۆڕی بەکۆمەڵی پارێزگای سەماوە بگەڕێندرێنەوە ھەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدانیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، ھەوڵەکان بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕی دیکە بەردەوامن.
ھەدار بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "روفاتی نێو ھەردوو گۆڕە بەکۆمەڵەکەی پارێزگای سەماوە لە پزیشکی دادی بەغدایە و ھێندەی نەماوە رێکارە یاسایی و پزیشکیەکان کۆتایی دێت و بە ڕێوڕەسمی فەرمیی دەگەڕێندرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان گوتیشی، "ژمارەیەکی زۆری گۆڕی دیکەی بە کۆمەڵی قوربانیانی کورد لە ناوچەکانی باشووری عێراق بوونیان ھەیە و پێویستە پەلە بکرێت لە ھەڵدانەوەیان.
ھەدار بارزانی دەشڵێ، "دوو گۆڕی دیکەی بە کۆمەڵی قوربانیانی کورد لە سەماوە دوزراونەتەوە و بڕیارە تیمی تایبەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ماوەکانی داھاتوودا دەست بە ھەڵدانەوەیان بکەن، چونکە پێویستە بەشێوەیەکی زانستیانە کار بۆ ھەڵدانەوەیان بکرێت و دواتر رێکاری یاسایی و پزیشکی بگیرێتە بەر بۆ ناسینەوەی ناسنامەی قوربانیان.
قائید میرۆ




