حه‌فته‌ی داهاتوو شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌چێته به‌غدا

به‌غدا-KDP.info- نوێنه‌ری حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا گوتی، حه‌فته‌ی داهاتوو شاندێكی حکوومەتی هه‌رێم ده‌چێته به‌غدا و شاندێكی به‌غداش دێته هه‌رێمی كوردستان و به‌فه‌رمی له‌باره‌ی بودجهوە گفتوگۆ ده‌كه‌ن و ڕووداوه‌كانی ئه‌م دووایه‌ی عێراقیش هیچ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دانوستانه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا نابێت.
فارس عیسا، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دانوستان له نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان به‌رده‌وامە و حه‌فته‌ی داهاتووش شاندێكی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته به‌غدا و به‌فه‌رمی دەربارهی پشكی هه‌رێمی كوردستان له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوودا ده‌ست پێ ده‌كات و بڕیاره شاندێكی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی په‌رله‌مانی عێراقیش سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و له‌باره‌ی پرسی نه‌وتەوە گفتوگۆ بكه‌ن."
نوێنه‌ری حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا گوتیشی: "دانوستانه‌كان زۆر باش به‌ڕێوه ده‌چن و پێشڤه‌چوونی باشیان به‌خۆه‌وه بینیوه و ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی ده‌شکرێن، هیچ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دانوستانه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا نابێت و دانوستانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن تاوه‌كو ده‌گه‌نه ڕێككه‌وتن."
بڵند ئیبراهیم




