٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندێكی پارتی به‌شداریی لە کۆنفرانسی پارتی پارێزگارانی به‌ریتانیادا کرد

سەرچاوە: KDP.info

بەریتانیا -KDP.info- شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێک ھاتبوو لە شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مه‌کتەبی پارتی لە قاھیرە و، دارا باراوی، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، بەشدارییان لە کۆنفرانسی ساڵانەی پارتی پارێزگارانی به‌ریتانیادا كرد. لە ماوەی ڕۆژانی بەڕێوه‌چوونی کۆنفرانسه‌كەدا‌ شاندی پارتی چاویان بە کۆمەڵێک کەسایەتی و سیاسه‌تمەداری جیهانی کەوت.

بە بەشداریی دەیان شاندی پارتەکانی جیهان، پارتی پارێزگارانی (کۆنسێرڤاتیف پارتی) به‌ریتانیا، پارتی دەسەڵاتدار لە شاری مانچسته‌ر لە ڕۆژانی ٢٩/٩ تاوەکو ٢/١٠ کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی بەڕێوە برد.

لە ماوەی بەشدارییەکەیان لەو کۆنفرانسەدا شاندی پارتی چاویان کەوت بە کۆمەڵێک کەسایەتی و سیاستمەداری بەشداربوو. لەو دیدارانەدا شاندی پارتی باسی ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدایان کرد. لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی پارتی پارێزگارانی به‌ریتانیا، شاندی پارتی کە بە داوەتێكی فەرمی کە بۆ ئاھەنگی پێشوازیی پارتە دەستەخوشکەکان ڕێک خرابوو، سڵاوی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتییان پێ ڕاگەیاند و ھیوای سەرکەوتنی کۆنفرانسەکەیان بۆ خواست. ھەروەھا سوپاسی گەل و حکوومەتی به‌ریتانیان کرد بۆ ھاوکاریی گەلی کوردستان لە شەڕی دژ به‌ تیرۆردا. سەرۆکی پارتی پارێزگارانی به‌ریتانیاش سوپاسی سەرۆک بارزانیی کرد، بەردەوامیی ھاوکاریی گەلی کوردی دووپات کردەوە، هەر لەو ئێوارەئاھەنگەدا شاندی پارتی چەندین دیداری لەگه‌ڵ شاندە جیاجیاکان کرد، کە تێیاندا ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و پێگەی پارتی لە چەسپاندنی ئاشتی و چەسپاندنی دیموکراسیدا باسیان لێوە کرا. ھەروەھا بیروڕا لەسەر پته‌وکردنی پەیوەندیی نێوان پارتی و ئەو حزبانه‌ ئاڵوگۆڕ کرا.

ھەر لە ڕۆژانی کۆنفرانسەکەدا ئێوارەی ١ی ئەم مانگە ئێوارەئاھەنگێک بۆ دیپلۆماتکار و سەرۆکی شاندە بەشداربووەکان ساز درا، کە شاندی پارتی بەفەرمی بانگھێشت کرابوو و کۆمەڵێک دیداری لەگەڵ چەندین دیپلۆماتکار و ئەندامانی پەرلەمان کرد و، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ داواکاری گشتیی به‌ریتانیا و ئەندامی پەرلەمان، جیفری کۆکس باس لە پشتیوانیی حکوومەت و پەرلەمانی به‌ریتانیا كرا، ئەویش خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئامادەبوونی پارتی دەربری و پشتیوانی لە مافەکانی کوردی دووپات کردەوە.

شایانی باسە شاندی پارتی لەو کۆنفرانسەدا چاوی کەوت بە سەرۆکی پارتی پارێزگارانی به‌ریتانیا، جێگری سەرۆکی لێژنەی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی پارتی پارێزگارانی به‌ریتانیا، سەرۆکوەزیرانی پێشووی کەنەدا، سەرۆکی حزبی پارێزگارانی ئیسپانیا، باڵیۆزی کۆماری کیرگیاز، جێگری سەرۆکی کاروباری دەرەوە و، کۆمەن وێلس، جێگری سەرۆکی پارتی کۆماری ئەلبانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی مالدیف، باڵیۆزی مالدیف لە لەندەن، باڵیۆزی قبرس لە لەندەن، باڵیۆزی میسر، ئەلێکسبێر وەزیری پێشووی کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە حکوومەتی به‌ریتانیادا، باڵیۆزی لیبیا و چەندین ڕۆژنامەنووس و کەسایەتیی ئەکادیمی. لەو دیدارەدا پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداری به‌ریتانیا ڕایگەیاند، بەردەوام پشتیوانی لە گەلی کورد دەکەن.

له‌و كۆنفرانسه‌دا شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك تاكه‌ پارت له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ ئەو كۆنفرانسه ‌داوەت كرابوو.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار