ئایدن مەعرووف بۆ KDP: پێكهاتەكان ناگەڕێنەوە ناوچەكانیان تا گەرەنتییان نەبێت

هەولێر-KDP.info- وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان رایگەیاند، ئەوان پلانی باشیان هەیە بۆ ئەوەی پێكهاتەكان بە میكانیزمێك بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و دەشڵێ، پێكهاتەكان ناگەڕێنەوە تا گەرەنتییان نەبێت.
ئایدن مەعرووف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان دەكات و هەموو پێكهاتەكانیش لە ئێزدی و مەسیحی و شەبەك و كاكەیی و عەرەبیش لە هەرێمی كوردستانن و پاڵپشتیی هەمووشیان دەكات".
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەكانین بۆ ناوچەكانیان، كە ئەمەش پێویستی بە هاوئاهەنگیی حكوومەتی عێراق و وەدەرنانی هێزە نایاساییەكان هەیە، بەڵام تا ئێستا حكوومەتی عێراقی كاری بۆ ئەمە نەكردووە".
مەعرووف ئاماژەشی دا، پلانیان ئەوەیە لەگەڵ وڵاتان كار بكەن بۆ ئەوەی رێگەچارەیەك بۆ ئەم پرسە بدۆزرێتەوە، چونكە ناكریت ئەم پرسە درێژە بكێشیت و هەر دەبێت چارە بكرێت.
ناوبراو هەروەها دەشڵێ، پێكهاتەكان ناگەڕێنەوە ناوچەكانیان تا گەرەنتییان نەبێت، تا دڵنیا بن كە سەروماڵیان پارێزراو دەبێت.
كــاروان بـاعەدری




