رۆژبەیانی: ھەفتەی داھاتوو سەردانی بەغدا دەكەین

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان دهڵێت، ھەفتەی داھاتوو شاندێكی لیژنەكەیان دەچێتە بەغدا و لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانەوە لەگەڵ پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ دەكەن.
جوان یوونس رۆژبەیانی، لە لێدوانێكیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، رۆژی یەكشەممەی داهاتوو شاندێكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی پەرلەمانی كوردستان سەردانی بەغدا دەكەین، سەردانی ئەو شاندەشمان بۆ بەغدا ھاوكاتە لەگەڵ كۆمەڵێك كێشەو گرفت كە پەیوەستن بە ھەرێمی كوردستان و ماددەی ١٤٠، دواتر بۆ رۆژی دووشەممە لەگەڵ سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبینەوە و پێیان رادەگەیەنین، ئێمە لە چوارچێوەی دەستوور داوا دەكەین مافی ئەو ناوچانە بپارێزرێت.
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەڵێ، ئەو كێشەو گرفتانە بە راپۆرتێك رادەستی پەرلەمانی عێراقی دەكەین، بە تایبەت بۆ ئاساییكردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە و جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ـیش، كە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور بەغدا مافەكانی ھەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانەی دەستەبەر بكات، بۆ ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كەركووكیش لیژنەیەك لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە پێكھێنراوە.
رۆژبەیانی ئاماژەیشی دا بەوەی، كە لە سەردانەكەیاندا كێشەی زەویوزاری جووتیاران باس دەكەن كە تاوەكو ئێستا قەرەبوو نەكراونەتەوە، ھەروەھا سووتانی ئەم دواییەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیش خاڵێكی تر دەبێت لە گفتوگۆكانمان، پەیوەست بە یاسای ھەڵبژاردنەكانیش دەڵێت، داوا دەكەین ئاسانكاری بۆ دەنگدەران بكرێت، چونكە بەشێكیان ئاوارەن و لەناو كەركووكدا نین، ئەوان بەپێی دەستوور مافی خۆیانە بەشداری لە ھەڵبژاردنەكاندا بكەن.
ناوبراو جەختیش دەكاتەوە، ئەو لیژنەیەی كە سەردانی بەغدا دەكات و ئەو خاڵانەی كە باسیان لە بارەوە دەكەن، ھەمووی لە چوارچێوەی دەستوورە، ھەروەھا دەشڵێت، لیژنەی دارایی و سامانە سرووشتییەكانیش سەردانی بەغدا دەكەن.
ھەڵكەوت محەمەد




