٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەفتەی داهاتوو كۆنگرەی هەنگەوانانی جیهان لە كوردستان بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ئەمساڵ 23 هەزار مێشەوان هەن و خاوەنی زیاتر لە 80 هەزار پوورەهەنگن، بەرهەمی هەنگ بۆ پێنج بەرابەر زیاد بووە. پار كۆی بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی كوردستان كەمتر لە 100 تۆن بوو، ئەمساڵ 500 تۆن هەنگوین لە هەرێمی كوردستان بەرهەم هێنراوە. سەرۆكی تۆڕی كۆمەڵەی هەنگەوانانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو كۆنگرەی هەنگەوانانی جیهان لە كوردستان بەڕێوە دەچێت و باشترین جۆری هەنگ و هەنگەوان دەستنیشان دەكرێت.

 

عارف شێروانی، سەرۆكی تۆڕی كۆمەڵەی هەنگەوانانی هەرێمی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "دووشەممەی داهاتوو لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشانگا و كۆنگرەی یەكێتیی هەنگەوانانی عەرەب بە سەرپەرشتی و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر و تۆڕی هەنگەوانانی كوردستان لە هەولێری پایتەخت بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، كە تێیدا نزیكەی 250 هەنگەوان و كۆمپانیای پێداویستیی هەنگەوانی بەشدارن و نوێنەرایەتیی 11 وڵاتی عەرەبی دەکەن، کە بریتین لە میسر، لیبیا، جەزائیر، سوودان، ئۆردون، لوبنان، سووریا، فەلەستین، عومان، یەمەن، ئیمارات، عێراق. 12 وڵاتی دیكەش بەشدارن، لەوانە ئێران، توركیا، ئیتالیا، یونان، سویسرا، چین، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، سەرەڕای بەشدارییەكی كارای هەنگەوانان و كۆمپانیاكانی كوردستان."

 

سەرۆكی تۆڕی كۆمەڵەی هەنگەوانانی هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "كونگرەكە هەموو جۆرێكی هەنگ و هەنگوین و كەرەستە و پێداویستی و زانستی هەنگەوانی و پزیشكی و ئەندازیاری و ئەو بابەتانەی پێوەستن بە هەنگ و هەنگوینەوە لەخۆ دەگرێت، دواتر لە لایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت و باشترین جۆری هەنگ و هەنگەوان دەستنیشان دەكرێت."

 

شێروانی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەو كۆنگرەیە زۆر گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، هەنگەوانان یەكتر دەناسن، مامۆستای شارەزا لەو وڵاتانەوە دێن و وانە بە هەنگەوانان دەڵێنەوە، لە كۆنگرەكەدا چەندین توێژینەوە و بابەتی زانستیی تایبەت بە هەنگ و هەنگەوانی لە لایەن كەسانی خاوەن بڕوانامەی بەرز و شارەزا لە پەروەردەی هەنگ و چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی هەنگ پێشكەش دەكرێت، لەم  پێشانگایەدا هەنگوین و چەند بەروبوومێكی دروستكراو لە بەرهەمەكانی هەنگ نمایش دەكرێت، وێرای خستنە ڕووی كەلوپەلی سەردەمیانەی بواری هەنگەوانی، كۆنگرەگە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەبێت و پێشانگاكەش لە 10ی بەیانی تا 6 ئێوارە لە پێشوازیی مێواناندا دەبێت".

 

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار