٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خۆشناو: سەردانمان بۆ كۆریای باشوور بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانمانه‌

سەرچاوە: KDP.info

سیئۆل-KDP.info- شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی سیئۆلی پایتەختی كۆریای باشووریان كردووە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەم سەردانە بە بانگهێشتی فەرمیی پەرلەمانی كۆریای باشوورە و بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولایە.

شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و، ئەندامیەتیی ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی و،  جەمال هەروتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە.

ئومێد خۆشناو، كە یاوەری شاندەكەیە، لە لێدوانێكی تایبەتدا لەبارەی سەردانەكەیانەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر بانگهێشتی پەرلەمانی كۆریای باشوور، شاندێكی پەرلەمانی كوردستان دوێنێ سێشەممە سەردانی سیئۆلی پایتەختی كۆریای باشوورمان كردووە و، بڕیارە چەندین دیداری گرنگ دەربارەی پەیوەندیی نێوان هەردوو پەرلەمان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی كۆریای باشوور هەبێ"‌.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد: "لە چوارچێوەی سەردانەكەی شاندی پەرلەمانی كوردستاندا،  سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ (مون هیسانك)، سەرۆكی پەرلەمانی كۆریای باشوور كۆبووینەوە و، باس لە گرنگیی پەیوەندیی نێوان هەردوولا كرا و تیشك خرایە سەر هەماهەنگیی نێوان هەردوو پەرلەمان، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش، سوپاس و ستایشی پەرلەمان و گەلی كوردستانی لەمەڕ هاوكارییەكانی تیپی زەیتوون و ڕێكخراوەكانی كۆریا بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكانیان لە كوردستان گەیاندە سەرۆكی پەرلەمانی كۆریا و داوای لە سەرۆكی پەرلەمان كرد كە، هانی حكوومەتی كۆریا بدات بۆ بەهێزتركردنی پەیوەندیی نێوان هەردوولا و كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە تا زیاتر سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكەن".

خۆشناو ئەوەشی گوت: "هەر ئەمڕۆ بۆ ئاشنابوون لە كاری لێژنەكان و سەنتەری تۆێژینەوەی پەرلەمانی كۆریای باشوور،‌ شاندی پەرلەمانی كوردستان دیدارمان لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتار و بەشی پڕۆتۆكۆڵ هەبوو".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار