گوتەبێژی حكوومەت لەبارەی بەردەوامبوونی مووچەوە دڵنیایی دەدات

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مووچەخۆران لە بەردەوامبوونی پرۆسەی دابەشكردنی مووچە دڵنیا دەكاتەوە.
جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەراوێزی كۆنفرانسی دەرخستنی ستراتیژیەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە، باسی لە پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و پرسی مووچە كرد.
گوتەبێژی حكوومەت ڕاگەیاند: ”پەیوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی مووچە و بودجە هەیە، چاوەڕێی ڕاسپاردەكانی لێژنە تەكنیكییەكان دەكەین، لێژنە هەیە لەبارەی بودجەیە، بابەتی بودجە ئێستا كە لە ژێر گفتوگۆدایە، لەپێشینەیە، بابەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و بابەتی پێشمەرگەش گرنگن.
ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە هەرێمی كوردستان نەوت ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ناكات، بەڵكوو بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، ئەگەر بڕیار بێت، داهاتی نەوتەكە ڕادەست دەكات.
جووتیار عادل لەبارەی مووچەوە گوتی: ”خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە كە مووچە هەیە و لە كاتی خۆیدا دەدرێت و هەموو هەوڵێكمان هەیە كە شایستەكانی خەڵكی كوردستان زامن بكرێت، نیازپاكییشمان نیشان داوە. خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە كارە لەپێشینەكانی حكوومەتی هەرێم زامنكردنی مافە داراییەكانی خەڵكی كوردستانە.




