دزەیی: نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیریی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەكات

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، حكوومەتی ھەرێم ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان فراوانتر و بەھێزتر دەكات، لە ئایندەیەكی نزیكیشدا وڵاتی یۆنان كۆنسووڵگەری لە هەولێر دەكاتەوە و ژمارەی كۆنسووڵخانەكانیش لە زیادبووندایە.
سەفین دزەیی، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە هەوڵداین پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە شێوەیەكی فراوانتر و بەهێـزتر بنیات بنێینەوە، سەقامگیریی هەرێمی كوردستانیش پاڵنەڕێكە بۆ ئەوەی وڵاتان نوێنەراییەتیان لە هەرێمدا بكەنەوە و پەیوەندیی دیپلۆماسی ببەستن، سەرجەم ئەو وڵاتانەش كە باڵیۆزیان لە عێراق ھەبێت، نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی كوردستان دەكەنەوە".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "كردنەوەی كۆنسووڵخانە لە هەرێمی كوردستان، پەیوەستە بەو وڵاتانەی لە عێراق باڵیۆزیان هەیە، لە ئێستاشدا لە كۆی 60 باڵیۆزی وڵاتان، 36 وڵات نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستان ھەیە، هەروەها وا بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا وڵاتی یۆنانیش نوێنەرایەتیی خۆی لە هەولێر بكاتەوە".
دزەیی ڕاشیگەیاند: "پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئاستێكی باشدان و گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی زۆر ھەیە، نەتەوە یەكگرتووەكانیش دڵخۆشن بە پەیوەندیی باشی هەولێر و بەغدا و پشگیریی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەماهەنگییەكی باشیش هەیە".
هۆزان سهمهد




