٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە دھۆک ٣٧ ڕێگا نۆژەن دەکرێنەوە"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە نۆژەنکردنەوەی ڕێگا سەرەکییەکانی سنووری پارێزگاری دھۆک بکرێت و بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ئەو پارێزگایەش دەڵێ، ژمارەی ئەو ڕێگایانەی نۆژەن دەکرێنەوە، ٣٧ ڕێگان و ١٠ ملیار دیناریان بۆ تەرخان کراوە.

 

دیوالی حەمێ، بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەشێکی زۆری ڕێگاوبانی دھۆک بەھۆی ئەوەی چەند ساڵ قەیرانی دارایی بوو، نۆژەن نەکراوتەوە و، بەشێکی دیکەیان بەھۆی لافاوەوە تێک چوون و پێویستیان بە چاککردنەوە ھەیە. بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارە ھەموو ڕێگاوبانەکانی ھەرێمی کوردستان نۆژەن بکرێنەوە و لەو چوارچێوەیەدا، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی پارێزگای دھۆک دەکرێت."

بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دھۆک دەشڵێت: "ئێمە لە پارێزگای دھۆک ٣٧ ڕێگای سەرەکی و لاوەکیی تێکچوومان دیاری کردووە بۆ نۆژەنکردنەوە و بڕیارە بە گوژمەی ١٠ملیار دینار دەست بە نۆژەنکردنەوەی ھەموو ئەو ڕێگایانە بکرێت، کە دیاری کراون."

دیوالی حەمێ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ژمارەیەک ڕێگای سەرەکیمان ھەنە ھاتوچۆیەکی زۆریان لەسەرە و پێویستیان بە چاودێری و نۆژەنکردنەوەی بەردەوام ھەیە، چونکە ڕێگای نێودەوڵەتین. ئەوانی دیکەش ناوچەی بەرفرەوانیان لەسەرە و چاککردنەوەیان سوودێکی زۆری بۆ ھاووڵاتیان دەبێت و کاریگەریی لەسەر کەرتی ھاتوچۆ دەبێت."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار